ئادار 31, 2023 13:40 Asia/Tehran
  • ئەمیرعەبدوڵڵاهیان: هاوکاریی نێوان ئێران و ئاژانس بەردەوامە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هاوکاریی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بۆ بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هێشتا لە بەرنامەی کاردایە.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی وتیشی: دەوڵەتی سیانزەهەمی ئێران بە ئامانجی گەییشتن بە ڕێککەوتن و گەڕاندنەوەی هەموو لایەنەکان بۆ بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنی بەرجام دا دەستی بە کاری جیددی کرد و بۆ ماوەی چەندین حەوتە و مانگ لە ڤییەنا لەگەڵ چوار کۆ یەک بە شێوەی ڕاستەوخۆو وتووێژی کردو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرەکەی ئەمریکاش دا پەیامی گۆڕییەوە.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» بە دەربڕینی ئەمەی کە هەندێک وڵات بە ئەمریکاشەوە لە ئاژاوەکەی پاییزدا بەو تێبینییانەیان تووشی ھەڵە ھاتن، وتیشی: بە دەست پێ بوونی ئاژاوەو دەستوەردانی بیانییەکان لە ئاژاوەکەی پاییزو لە ھێندێک لە شارەکانی ئێران ، ئاڵوگۆڕی پەیام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڵام چالاک لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بەردەوام بوو.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: دیپلۆماسی ڕێگەیەکی ڕاستە بۆ چارەسەریی پرسی ئەتۆمیی ئێران و، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئاستی تەکنیکیدا بەردەوامە.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەردانی ئەم دواییەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن بۆ تاران وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ڕۆڵی بنیاتنەری لە یارمەتیدانی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا گێڕاوەو بێگومان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یەکێک لە ڕەهەندە بنیاتنەرەکانی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدایە، ھاوکات پشتگری لە وتووێژە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا لە کارنامەی جددی حکومەتی ئێراندایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە پێشوازی لە دانوستانە چوارقۆڵییەکان لە ئاستە جیاجیاکان بۆ چارەسەرکردنی لێکنەگەیشتن و کێشەکانی نێوان تورکیا و سوریا، هیوای خواست وتووێژی سیاسی لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، سوریا، تورکیا و ڕووسیا بەم زووانە بەڕێوە بچێت.

سەرپەیڤ