بەهۆی گەرماوە لە ئێران دو رۆژ دەكرێتە پشوی فەرمی
عەلی بەهادری جەهرۆمی وتەبێژی فەرمی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، حکومەتی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پشوی فەرمی لە سەرتاسەری ئێران لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە.
عەلی بەهادری جەهرۆمی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی هەوای بێ وێنە لەم ڕۆژانەدا، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان، ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی پەسەند کرد بۆ ڕاگەیاندنی پشوی فەرمی لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە سەرتاسەری وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پشوەکە سەرجەم دامەزراوە حکومیەکان جگە لە هێزە ئەمنیەکان و ناوەندە تەندروستیەکان دەگرێتەوە، ئامانجیش لێی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی، پێشبینیدەکرێت لە دو رۆژی داهاتودا لەبەشێک لەناوچەکانی ئێران بەرزترین پلەی گەرما تۆماربکرێت و پلەکانی گەرما بۆ سەروی 50 پلەی سیلیزی بەرزببنەوە.