ئێران چوار هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی رەوانەی عێراق دەكات
یەعقوب سولەیمانی، ئەمینداری گشتی مانگی سوری ئێران ڕایگەیاند، چوار هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی مانگی سور لە 83 ناوەندی پزیشكی و فریاگوزاری لە عێراق خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بە زیارەتکارانی ئێرانی و غەیرە ئێرانی دەكەن.
یەعقوب سولەیمانی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ناوەندی فریاگوزاری و فریاكەوتنی مانگی سور لە پارێزگای ئیلام لە دەروازەی سنوریی مێهران ڕونیكردەوە، "دروستكردنی ناوەندی فریاگوزاری و فریاكەوتنی مانگی سور لە دەروازەی سنوری مێهران لە ماوەی 63 ڕۆژدا جیهادی و كاریگەرە، بەجۆرێك تەنها لە شاری ئیلام هەزار و 20 ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سور لەپێشوازی میواناندان".
ئەمینداری گشتی مانگی سوری ئێران باسی لەوەشكرد، 22 هەزار كەس لە مانگی سور لە سەرانسەری وڵات كار بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکاری ئەربەعین دەكەن، هەروەها زیاتر لە چوار هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی لە 83 ناوەندی پزیشكی و فریاگوزاری لە عێراق خزمەتگوزاری پێشكەش بە زیارەتکاری ئێرانی و غەیرە ئێرانی دەكەن.
یەعقوب سولەیمانی ئەوەشیخستەڕو، تا ئێستا 107 هەزار و 576 حاڵەتی خزمەتگوزاری لە لایەن خۆبەخشەكانەوە لە ئێران و عێراق لە سێكتەری جۆراوجۆری وەك شوێنی نیشتەجێبون، چاودێری گشتی، چارەسەر و فریاگوزاری بۆ زیارەتکارانی ئەربەعین پێشكەش كراون، تیمەكانیشمان لە هەزار و 311 ناوەندی تەندروستی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشكەش بە زیارەتکاران دەكەن و پێنج ئۆتۆمبێلی ئۆپەراسیۆن و ئەمبوڵانس بۆ كارەكانیان بەكاردەهێنن.
ساڵانە لە ماوەی مانگەكانی موحەڕەم و سەفەردا ملیۆنان زیارەتکاری ئێرانی بۆ ئەنجامدانی زیارەتی ئەربەعین لە شاری كەربەلا لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دەچنە عێراق.