کەنعانی: دواهاتەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچە بەرۆکی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دەگرێتەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: حکومەتی ئەمریکا دیسان ئەوەی سەلماند کە دەورگێڕ و سەبەبکاری سەرەکیی قەڵاچۆکرانی خەڵکی مەدەنی و شاروومەندانی فەلەستینی بەتایبەت ژنان و منداڵان و تیاچوونی ژێرخانە گرینگ و سەرەکییەکانی غەززەیە.
ناسر کەنعانی بە شەرمەزار کردنی ئەمریکا لەبەر ڤیتۆکردنەوەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی دامەزراندنی ئاگربڕی خێرای مرۆڤدۆستانە لە غەززە، وتی: حکومەتی ئەمریکا دیسان ئەوەی سەلماند کە دەورگێڕ و سەبەبکاری سەرەکیی قەڵاچۆکرانی خەڵکی مەدەنی و شاروومەندانی فەلەستینی بەتایبەت ژنان و منداڵان و تیاچوونی ژێرخانە گرینگ و سەرەکییەکانی غەززەیە، لە دەسپێکی پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنییەوە بۆ سەر غەززە، ئەمریکا بەردەوام هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسراییل لە ئەنجام دانی جەنایەتی جەنگی و ژینۆسایدی دژ بە گەلی فەلەستیندا سەلماندووە.
کەنعانی راشکاوانە رایگەیاند: کاربەدەستانی ئێستای ئەمریکا کە لە ژێر بەرگی ڕیا و دووڕووییدا نیگەرانییان دەربڕیبوو بەرامبەر بە لەمەترسیدا بوونی گیانی منداڵان و شاروومەندانی سیڤیلی غەززە، لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی رابردوودا، هەموو جۆرە پشتیوانییەکی سەربازی، سیاسی، هەواڵگری و میدیاییان لە جەنایەتە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی بێ دەرەتانی فەلەستین ئەنجام داوە و هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەمریکا لە کوشتنی بێ بەزەییانەی نزیکەی ١٨ هەزار شاروومەندی سیڤیل کە نزیکەی هەشت هەزاریان منداڵن، یارمەتیدەری ڕژێمی زایۆنییە.