ته‌مووز 30, 2024 17:01 Asia/Tehran

سەرۆک کۆماری تازەی ئێران پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ کاربەدەستانی سوریا، یەمەن و حیزبوڵای لوبنان و کاربەدەستانی دیکەی بەشدار لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنەکەی، دیداری کرد و لەگەڵ ئەوان سەبارەت بە پێوەندییە دوولایەنەکان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بیر و ڕای گۆڕییەوە.

مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری تازەی ئێران لە دیداری "حسێن عەرنووس"ی سەرۆکوەزیرانی سوریا بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە حکومەتی ئێران بە هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ئێستای پێوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، تەگبیری پێویست دەگرێتە بەر بۆ خێراترکردنی پرۆسەی جێبەجێکرانی ڕێککەوتننامەکانی نێوان دوو وڵات وتیشی: ئەم دوو وڵاتە جگە لە پەرەپێدانی پێوەندییەکانی نێوانیان، دەبێ ئەو بوار و بەستێنە باش و لەبارانەیش کە لە ئارادایە بۆ بەهێزترکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی، بیخەنە قۆناغی جێبەجێ کرانەوە.

سەرۆک کۆماری تازەی ئێران هەرەها لە دیداری جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان جەنایەتە تۆقێنەرەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە خەڵکی مەزڵوومی غەززە و پاڵپشتیی ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ڕۆژاوایی لەو جەنایەتانەی بە پەڵەیەکی شەرمەزاری دیکە زانی بە کارنامەی بانگەشەکەرانی مافی مرۆڤەوە. جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانیش چوونەدەری ڕژێمی زایۆنی لە باشووری لوبنان، شکستە پەتتاپەیتاکانی ئەم ڕژێمە بەرامبەر بە خۆڕاگری ئیسلامیی فەلەستین و هەروەها تێکشکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سوریای بە قەرزداری پاڵپشتی و داکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا زانی.

مەسعوود پزشکیان هەروەها لەگەڵ "محەممەد عەبدوسەلام" وتەبێژی و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن دیداری کرد کە بە مەبەستی بەشداری لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنی چواردەیەمن خولی سەرۆک کۆماری سەردانی ئێرانی کردووە. پزشکیان لەو دیدارەدا هیوای خواست بە یەکگرتنەوە و هاوکاریی هەموو وڵاتانی ئیسلامی، سێبەری ڕەشی زوڵم و زۆر لە سەر هەموو موسڵمانان بکشێتەوە. سەرۆک کۆماری تازەی ئێران هەروەها لەگەڵ کاربەدەستانی تاجیکستان، ئەرمەنستان، کازاخستان، گورجستان، مالیزیا و کاربەدەستانی وڵاتانی دیکە دیداری کرد و لەگەڵ ئەوان پێوەندییە دوولایەنەکان و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکانی خستە بەر باس و لێکدانەوە.

مەسعوود پزشکیان لەم دیدارانەدا بەهێزتر کردنی پێوەندی و تەعامولی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەی بە ئەولەوییەتی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی چواردەیەم ڕاگەیاند. 

سەرپەیڤ