پزشکیان لەوتووێژ لەگەڵ مەکرۆن: ڕۆژاوا، پاڵپشتیی لە رژیمی زایۆنی، بوەستێنێ
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: ئەمریکاو وڵاتانی رۆژاوایی بە گرتنەبەری سیاسەتێکی دژبەیەک و دووفاقی داکۆکی دەکەن لە رژیمێک کە پێبەندی هیچکام لە یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان نیەو لە هیچ کردەیەکی تاوانکارانە لەناوچەدا درێغی ناکا و لەوپەڕی مەخابنیدا، لەو وڵاتانە کە کەوتوونەتە بەر ئامانجی ئەو چەشنە کردانە، داوا دەکەن وەڵام نەدەنەوەو دانبەخۆدا بگرن.
"مەسعود پزشکیان" پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە وەڵامدانەوە بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی "ئێمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەڕانسە کە داوای دانبەخۆداگرتن لەلایەن ئێرانی کرد، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم لەپێناو هاتنەدی ئاشتی، سەقام وئاسایش لە ناوچەو جیهانداو پێشگرتن بە گرژیی، ناهێمنی و شەڕ، رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، بەڵام رژیمی زایۆنیستی بە کردەی تاوانکارانەو ترۆریستی لەهەوڵی شەڕهەڵایساندنە لە ناوچەدا.
پزشکیان وێڕای پێداگریی لەسەر پارێزراوبوونی مافی وەڵامدانەوەی شیاو بەو کردانە لەلایەن ئێرانەوە، وتی: تاکاتێک کە رژیمی زایۆنیستی بە پاڵپشتیی سیاسی، دراڤی، چەکئامێریی و میدیایی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژاوایی بە خەیاڵێکی ئاسودە، دەست بداتە ژینۆساید، جەنایەت و ترۆر، ناوچەو جیهان ڕووی هێمنی و ئاشتی بەخۆوە نابینێ و ئەگەر رۆژاوا بەڕاست لەدووی پێش گرتن بە ناهێمنی لەناوچە دایە، دەبێ خێرا فرۆشی چەکەمەنی و داکۆکی لە رژیمی زایۆنیستی بوەستێنێ و ئەو رژێمە ناچار بکا ژینۆساید ڕاگرێ و ئاگربڕ قەبووڵ بکات.