دیداری سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ ئەردوغان
سەرۆک کۆماری ئێران لە دیداری ڕەجەب تەیب ئەردوغان هاوشانیی تورکیایی خۆی لە پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی: داهاتووی باشتر بۆ وڵاتانی ئیسلامی بەسراوەتەوە بە هەوڵێکی سەرکەوتوانە لە پێناو بەدیهێنانی یەکێتی لە نێوانماندا.
مەسعوود پزشکیان لەم دیدارەدا وتی: دانانی بازاڕێکی گەورەی هاوبەش لە ناوچەکە و پێوەندی و ئاڵووێری زانکۆیی، زانستی و ئابووری دەتوانێ مەزنایەتیی جیهانی ئیسلامی بخاتەوە بەرچاوی هەموو جیهان. پزشکیان جەختی کرد: داهاتووی باشتر بۆ وڵاتانی ئیسلامی بەسراوەتەوە بە هەوڵێکی سەرکەوتوانە لە پێناو بەدیهێنانی یەکێتی لە نێوانماندا و بە هاتنەدیی وەها یەکێتی و یەکدەنگییەک ئێمە ئیتر هەرگیز ئەم جەنایەتگەلەی نابینین کە ئێستا لە غەززە ڕوو دەدات.
ئەردوغانیش لەم دیدارەدا وتی: پێشنیاری ئێران بۆ وەڕێخستنی وەها تۆڕێکی پێوەندیی ناوچەیی بە گەلێک پڕبایەخ دەزانم.
شایانی باسە ئەوە چەندەمین دیداری دوکتۆر پزشکیان لە ڕۆژی دووشەممەدا بوو کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری ئێران لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو. سەرۆک کۆماری ئێران بە مەبەستی بەشداری لە حەفتا و نۆهەمین کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و شیکردنەوەی هەڵوێست و ستراتژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژی یەکشەممە یەکەمی ڕەزبەری ١٤٠٣ لە سەرووی شاندێکی باڵای سیاسییەوە، گەیشتە نیۆیۆرک.