تشرینی یه‌که‌م 24, 2024 07:18 Asia/Tehran

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر شکست ھێنانی ڕژێمی زایونی لە ھەوڵەکانی بۆ لەنێوبردنی خۆڕاگری سەرباری قەڵاچۆی پتر لە ٥٠ ھەزار مرۆڤی بێ دەرەتان، شکست ھێنانی گەورەتری گەڕاندنەوە بۆ ڕیسوا بوونی سیاسەتوانانی ڕۆژئاوا لە ڕووی کەلتوورو شارستانیەتەوە.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ١٥ ھەزار شەھیدی پارێزگای فارس لە باشووری ئێران، ڕووداوەکانی ناوچەکەو خەبات و لەخۆبردوویی خۆڕاگریی بە ھۆکاری گۆڕدرانی چارەنووس و مێژووی ناوچەکە زانی و وتیشی: لە ڕیزبەستنی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر بەرەی سەرەڕۆیی دا دیارە سەرکەوتن ھەر بۆ خۆڕاگری دەبێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتیشی: ئەگەر ئەمساڵ کەسانێکی وەک شەھید سینوار دەرنەدەکەوتن کە ھەتا دواچرکە بەشەڕبێن، یان ئەگەر گەورەگەلێکی وەک شەھید سەیید حەسەن نەسروڵڵا نەبایەن کە جیھادو ژیرمەندی و بوێری و لەخۆبردویی پێکەوە موتوربە کەن و بێنە مەیدانەوە، دیارە چارەنووسی ناوچەکە بە جۆرێکی تر دەبوو.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتی: سەرەڕای شەهید کردنی پترلە ٥٠ ھەزار کەسی بێ دەرەتان و سڤیل و چەند سەرکردەیەکی دیاری خۆڕاگری وهەروەها سەرەڕای ئەو ھەموو خەرج و بەرج و پاڵپشتییانەی ئەمریکاو ئەو ڕووڕەشی و ڕق و بێزارییەی کە لە جیهاندا بۆیان دروست بووە، بەرەی خۆڕاگری و لاوانی خەباتکار بە ھەمان لێبڕاوی و دەستەڵاتەوە خەریکی بەرخۆدانن  کە دیارە ئەمەش شکستێکی گەورەیە بۆ ڕژێمی زایونی.

بەڕێزی شکستی گەورەتری بۆ کەلتوورو شارستانیەتی ڕۆژئاوا گەڕاندەوەو وتیشی: کوشت و بڕی دە ھەزار منداڵی پاک و بێ گوناح بە بۆمبای دوو تەنی و ھەموو جۆرە چەک و چۆڵێک، ئەویش لە کاتێکدا کە سیاسەتوانانی ڕۆژئاوایی تەنانەت ناوچاویشیان گرژ نەکرد، بووە ھۆی ڕیسوا بوون و ئابڕوچوونی سیاسەتوانە درۆزنەکانی ڕۆژئاواو بانگەشەکەرانی مافی مرۆڤ و ئەمەش بێ بایەخ بوونی شارستانیەتی ڕۆژئاوای لای ھەموو دنیا ئاشکرا کرد.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ، بەرەی پشتیوانی ڕژێمی زایونیی بە بەرەی سەرەڕۆیی ناوزەدکردو وتیشی: لە ھەمبەر ئەم سەرەڕۆییەدا، بەرەی خۆڕاگری وەستاوەو لە پشتی خودا سەرکەوتنیش ھەر بۆ بەرەی خۆڕاگری دەبێت.

سەرپەیڤ