ڕێبەری شۆڕش: کۆماری ئیسلامی دەستی دۆستایەتی و هاوکاریی درێژ کردووە بەرەو هەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکان
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی یەکدەنگی و وشیاری ئۆمەتی ئیسلامی بە هۆکار و سەرچاوەی سەربەرزیی ڕوولەپەرەی ئیسلام و ڕووبەڕووبوونەوەی زۆربێژی و باجخوازیی زلهێزانی جیهان ناوبرد و پێێداگرت کە دەستی برایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ کراوەتەوە بۆ هەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکان.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە دیداری بەرپرسانی نزام، باڵوێزانی وڵاتانی ئیسلامی و ژمارێک لە چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، بە پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە ئومەتی ئیسلامی و خەڵکی ئێران، ئەم جەژنەی بە یەکێک لە خاڵەکانی پەیوەندی نێوان جیهانی ئیسلامی و هۆکاری سەربەرزیی ڕوولەزیادبوونی ئیسلام و پێغەمبەرە خۆشەویستەکەی ناوبرد و فەرمووی: بۆ ئەوەی سەربەرزی و سەربەستیی ئیسلامی هەمیشە هەر ڕوو لە زیادبوون بێ، یەکدەنگی و هەوڵ و تێکۆشان و وشیاریی ئۆمەتی ئیسلامی گەلێک پێویستە.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە ڕووداوە یەکبین و پڕتاوەکانی جیهان فەرمووی: لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە پڕتاو و خێرا ڕوودەدەن، پێویستە حکومەتە ئیسلامییەکان بە خێرایی و بە وردبینیی تەواو پێگەی خۆیان دیاری بکەن و بەرنامە و پلانیان بۆ دابنێن.
ڕێبەری شۆڕش حەشیمەتی زۆری موسڵمانان و سامانی سروشتیی بەرفرەوان و هەڵکەوتن لە جوگرافیایەکی هەستیاری جیهانی لەو هەلە گرنگانەی جیهانی ئیسلام هێنایەئەژمار و فەرمووی: بۆ ئەوەی بتوانین ئەو دەرفەت و هەلە گرینگانە بقۆزێنەوە، یەکگرتوویی لە جیهانی ئیسلام گەلێک پێویستە. بێگومان یەکگرتوویی بە مانای یەکگرتنی حکومەتەکان یان هاوبیروڕابوونیان لە هەموو بۆچوون و ڕێبازە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو بە مانای ناسینی بەرژەوەندیی هاوبەش و پێناسەکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە لەونێکە کە ناکۆکی و شەڕ و دووبەرەکی لە نێوانیان درووست نەبێ.
مەقامی مەزنی ڕێبەری بە جەخت لەسەر ئەوەی کە هەموو جیهانی ئیسلام هەر یەک بنەماڵەیە و پێویستە دەوڵەتە ئیسلامییەکان بەم ڕوانگەوە بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، فەرمووی: کۆماری ئیسلامی دەستی هاوکاریی بەرەو هەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکان درێژ کردۆتەوە و خۆی بە برای ئەوان دەزانێ و بڕوای وایە کە هەموو لە یەک بەرەی گشتی و سەرەکیداین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هاوکاری و هاوبیریی دەوڵەتانی ئیسلامی بە بەربەستێک زانی لە بەردەم دەستدرێژی و زۆرەملی و باجخوازیی زلهێزانی دەسدرێژکار و زاڵم و فەرمووی: بەداخەوە ئەمڕۆ زۆربێژی و باجخوازی لە دەوڵەت و نەتەوە لاوازەکان بووەتە پلان و بەرنامەی باو و ئاشکرای زلهێزەکان، کە لە بەرامبەردا ئێمە، وڵاتانی ئیسلامی دەبێ بەرگری لە مافەکانی جیهانی ئیسلام بکەین و ڕێگا نەدەین بە ملهوڕی و باجخوازیی ئەمریکا و غەیرە ئەمریکاییەکان.