ئادار 31, 2025 21:37 Asia/Tehran

ڕێبەری مەزنی شۆڕش فەرمووی: ئەگەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی شەڕ وەڕێخەن، بە دڵنیاییەوە وەڵامێکی تووند و گورچکبڕ وەردەگرنەوە و بێتوو دوژمن وەک ساڵانی ڕابردوو لە دووی دوبەرەکی نانەوەدا بێ، ئەوا گەلی ئێران وەڵامێکی تووندی دەداتەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی ئەمڕۆ دوای نوێژی جەژنی ڕەمەزان لە تاران، بە پیرۆزبایی کردنی جەژنی ڕەمەزان لە گەلی ئێران و ئومەتی ئیسلامی، ڕەمەزانی ئەمساڵی بە مانگی گەشانەوەی دەروونی و مەعنەوی هاوڕێ لەگەڵ هەوڵی سیاسی و هەنگاوی ئیمانیی گەل وەسف کرد. 

مەقامی مەزنی ڕێبەری بە ڕێزگرتن لە ڕێپێوانی پڕسۆز و خرۆش و پڕمانای گەلی ئێران لە ڕۆژی جیهانی قودس لە دوایین هەینی مانگی پیرۆزدا وتی: ئەو جڤاکە گەورەی گەلەکەمان بۆ ئەوانەی لە جیهاندا پێویستیان بە تێگەیشتن و ناسینی گەلی ئێرانە، هەڵگری پەیامی جۆراوجۆر بوو کە گەیشتە گوێیان.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، لە خوتبەی دووەمی نوێژی جەژنی ڕەمەزاندا، بە ئاماژە بەوەی کە درێژەپێدرانی ژینۆساید و کۆرپەکوژی لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە لە غەززە و لوبنان، دڵی ئومەتی ئیسلامی لە مانگی ڕەمەزاندا پڕ لە خەم و پەژارە کردبوو، فەرمووی: ئەم جەنایەتانە لە سای بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئەو گرووپە تاوانکارەی بوو کە فەلەستینیان داگیر کردووە.

ڕێبەری مەزنی شۆڕش ڕژێمی زایۆنیی بە هێزی نیابەتی کۆلۆنیالیستەکان لە ناوچەکەدا ناو برد و فەرمووی: ڕۆژاواییەکان بەردەوام گەلانی ئازا و لاوانی قارەمانی ناوچەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هێزی نیابەتین بەڵام تەواو ڕوونە کە تاکە هێزی نیابەتی لە ناوچەکەدا ئەو ڕژێمە گەندەڵەیە کە بە شەڕنانەوە، ژینۆساید و دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دیکە درێژەپێدەر و تەواوکەری پلانی ئەو وڵاتانەیە کە لە دوای شەڕی جیهانییەوە، چاوی تەماحیان بڕییە ئەم ناوچەیە. 

ڕێبەری شۆڕش بە ئاماژە بە بانگەشە دژە تیرۆرەکانی ئەو کۆلۆنیالیستانەی کە بە پارە و میدیا دەسەڵاتی جیهانیان گرتۆتە دەست، وتی: هەر ئەم کەسانەی کە لە قسەکانیاندا بەرگریی گەلان لە ماف و وڵاتی خۆیان بە تیرۆر و تاوان ناودەبەن، لەبەرامبەردا چاویان لە سەر ژینۆساید و کردەوە تیرۆریستییە ئاشکراکانی زایۆنییەکان دادەخەن، یان یارمەتیی ئەو جۆرە کردەوانە دەدەن.

ڕێبەری مەزنی شۆڕش لە کۆتایی خوتبەی دووەمدا، دوو خاڵی گرنگی سەبارەت بە هەڵوێستە هەڕەشەئامێزەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا خستەڕوو: یەکەم ئەوەی کە بێتوو هەر شەڕاشۆییەک لە دەرەوە بکرێ کە بێگومان ئەگەری ئەوە کەمە، بە دڵنیاییەوە زەبرێکی کوشندەیان لێدەکەوێ، دووەمیش بێتوو دوژمن وەک سالانی ڕابردوو هەوڵ بۆ دووبەرەکی نانەوە لە ناوخۆی ئێران بدات، گەلی ئێران هەروەک ئەو ساڵانە، وەڵامێکی بەهێز و گورچکبڕ دەداتەوە بە ئاژاوەگێڕان.

سەرپەیڤ