ئیدانەکرانی بڕیاری ئوروپا لەسەر بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەوڵی ئوروپا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییان ئیدانە کرد.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی بڕیاری یەکێتی ئوروپا لە بەتیرۆریستی ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، پێی داگرت؛ هەوڵی نالۆژیکانە، نابەرپەرسانەو دوژمنکارانەی یەکێتی ئوروپا، بێگومان لە درێژەی پەیڕەویی بێ سێ و دووی سیاسەتی زاڵێتی خوازانەو دژەمرۆیی ئەمریکاو رژێمی زایۆنی ئەنجامی گرتووەو پێشاندەری قووڵیی دژبەریی و ڕق لەدڵیی سەرۆکانی ئەو دەم و دەزگانە بەرامبەر گەلی ئازاو بوێری ئێران، هێزە چەکدارەکان، ئاسایش و سەربەخۆیی وڵاتی بەهێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەو بەیاننامەدا هەروەها هاتووە؛ وەها بڕیارێکی پووچ و بێ بنەماو بەدوور لەهەرچەشنە ئاوەزمەندییەک، بەگوشاری سەرۆک کۆماری خەیاڵاوی و بێ ئاوەزی ئەمریکاو رژێمی تیرۆریستی و منداڵکوژی زایۆنیستی گیراوەو پێشێلی ئاشکرای یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرەنسیپ و بنەماکانی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەنەو بێگومان سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هەردەم دامەزراوەیەکی یاسایی، هێزمەند و لەهێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکا و رژێمی پڕمەترسیی زایۆنیدا بووەو ئەو تۆمەت هەڵبەستنە بۆ سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەئاراستەی داکۆکی، بەهێزکران، پەرەپێدان و شەرعییەتدان بە تیرۆریزم لەئاستی جیهان و ناوچەدا ئەنجامی گرتووە.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا، پەسەندکراوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئوروپا دژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئیدانەکردو ئەو بڕیارەی بە "نایاسایی، پاساهەڵنەگر و مەرایی کارانە" زانی و بوختان پاڵدانە سپای پڕشانازیی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی بەهەنگاوێک لەدژ گشت گەلی ئێران زانی و بەتوندترین شێوە، ئیدانە و شەرمەزاری کردووە.
سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە کاردانەوە بە هەوڵی دوژمنکارانەی ئوروپا دژی ئێران لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسی: ئێستا، کە چەند وڵاتی جیهان هەوڵ دەدەن پێش بگرن بە هەڵایسانی شەڕێکی تۆکمەوتەواو لە ناوچەکەمان، هیچکام لەو وڵاتانە ئوروپایی نین و لەبەرامبەردا، ئوروپا سەرقاڵی خۆشکردنی ئاوری قەیران نانەوەیە.
عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش وێڕای شەرمەزارکردنی بڕیاری وڵاتانی ئوروپایی لە بەتیرۆریستی ناساندنی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: بێگومان شوێنهاتەکانی ئەو بڕیارە، وڵاتانی ئوروپاییش دەگرێتەوە.