درێژەی ئۆپەراسیۆنی مووشەکیی و درۆنیی ئێران دژی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچە
لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچە، ئەرتەش و سپا ڕایانگەیاند، هەڵمەتی بەرفراوان دژی بنکە ئەمریکییەکان لە چەند وڵاتدا ئەنجامی گرتووە.
لە سییەمین قۆناخی ئۆپەراسیۆنی "ساعیقە" و لە وەڵامی پەلاماردرانی خەڵکی بێتاوان، دەیان درۆنی تێکشکێنەری ئەرتەس، بنکەکانی "زەفرە" و "مینهاد" لە ئیمارات و پێگەی شێخ عیسا لە بەحرەینیان بەئامانج گرت و سیستەمی راداری و شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکانیان پێکا. هێزی زەوینیی سپا لە چەند هێرشی تێکەڵاودا، بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت، ئوردن و هەولێری بەئامانج گرت. لە کوێت، قەرارگەو شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندەی ئەمریکیی بنکەی عەلی سالم و هەروەها شوێنی ڕاگرتن و جێگیرکرانی درۆنەکان، کرایە ئامانج و ژومارێک درۆنی ئەمریکی تێکشکێندرا. لە ئوردن، هێزەکانی هەوا-فەزای سپا بە مووشەکی بالستی، شوێنی ڕاگرتنی درۆنە دوورهاوێژەکانی ئەمریکا لە جۆری "ئاڕ کیو-٤" و "ئێم کیو-٩"یان لە پێگەی پرەنس حەسەنی بەئامانج گرت. هەرلەو ئاراستەدا، سپا باسی تێکشکاندنی ژومارێک درۆن و کوژرانی ژومارێک لە هێزە ئەمریکییەکانی کردووە. لە هەولێریش ناوەندێکی چاک کردنەوەو هەماری کەرەستەو ئامێری تەکنیکی، سیستەمی هیدایەتی باڵۆنی سیخوڕیی و تانکەڕەکانی سووتەمەنی پێگەی ئەمریکی، کرایەئامانج و ژومارێک لە هێزە ئەمریکییەکان کوژران. هێزە چەکدارەکان پێیان داگرت، ئەو هێرش و هەڵمەتانە لە وەڵامی دەسدرێژکاریی ئەمریکا دژی خەڵکی سیڤیلی ئێران ئەنجامی گرتووەو وەڵامدانەوە بە کردەکانی ئەمریکا درێژەی دەبێ.