غوڵامحسەین دەرزی: ڕژێمی زایۆنی ڕێز ناگرێت لە مافە نێودەوڵەتییەکان
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i447518-غوڵامحسەین_دەرزی_ڕژێمی_زایۆنی_ڕێز_ناگرێت_لە_مافە_نێودەوڵەتییەکان
 نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ڕژێمی زایۆنی بەجاران نیشانی داوە کە هیچ ڕێزێک ناگرێت لە مافە نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپەکانی میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
(last modified 2026-11-03T12:43:15+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 17, 2026 15:02 Asia/Tehran

 نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ڕژێمی زایۆنی بەجاران نیشانی داوە کە هیچ ڕێزێک ناگرێت لە مافە نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپەکانی میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 غوڵامحوسەین دەرزی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەلەستین وتیشی: ڕژێمی زایۆنی بەجاران ئەوەی سەلماندووە کە هیچ ڕێزێک ناگرێت لە مافە نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپەکانی میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. غوڵامحوسەین دەرزی بە ئاماژە بە بەردەوامبوونی پەلاماردرانی غەززە، پەرەپێدانی شارۆچکەسازیی نایاسایی و توندوتیژیی شارۆچکەنشینان لە کەرتی ڕۆژئاوا، خوازیاری کۆتاییهاتنی دەستدرێژی، هەڵگیرانی گەمارۆ لەسەر غەززە، چوونەدەری تەواوی هێزی داگیرکەر، و ناردنی بەردەوام و بێوەستانی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بوو. دەرزی جەختیشی کردەوە کە هەر چەشنە پلانێک بۆ داهاتووی غەززە دەبێت مافەکانی گەلی فەلەستین، لەوانە مافی دیاریکردنی چارەنووس و پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین بە پایتەختی قودسی پیرۆز، بە ڕەسمییەت بناسێ. نوێنەری ئێران هەروەها بە شەرمەزارکردنی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە لوبنان و سووریا، پێیداگرت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتانە و خستنە بەر پرسیار و لێپێچینەوەی بنپێکەرانی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان . نوێنەری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی پێکەوە دوو شەڕی دەستدرێژییەکارانەی بە بێپاساو و بێبنەمایان دژ بە ئێران وەڕێخست کە ئەوە بنپێکەری ئاشکرای جاڕنامە و میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەڕەتیترین ماف و پرەنسیپەکانی مافە نێودەوڵەتییەکان دێتە ئەژمار. دەرزی هەروەها بارودۆخی هەنووکەی گەرووی هورمۆز و کەنداوی فارسیشی گەڕاندەوە بۆ دەرئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژ بە ئێران و کردەوەکانی دواتری واشنتۆن، لەوانە گەمارۆی دەریایی. دەرزی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: کۆتاییهاتنی یەکجاریی دەستدرێژییەکان، دابینکردنی گەرەنتیی جێگیر سەبارەت بە پێشگرتن لە دووباتبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە، ڕێزگرتن لە مافی سەروەریی ئێران، و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، لەو مەرجە پێویستانەن بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و هەروەها ئاساییکرانەوەی بارودۆخی گەرووی هورموز.