تشرینی یه‌که‌م 03, 2021 07:50 Asia/Tehran
  • ٧ هەڵەی باو کە زۆرێکمان بەرامبەر بە ددانمان ئەنجامی دەدەین

کاتێک گرنگی پارێزگاری لە ددانت دەزانیت کە ددانەکە لەدەستدەدەیت یان بڕینی دەمارت بۆ دەکرێت یان ددانێکی دەستکردت بۆ دادەندرێت، ئەو کات تێدەگەیت کە هیچ شتێک ناگاتەوە بە ددانە سروشتیەکەی خۆت، هەر بۆیە زۆر گرنگە بەر لەوە پارێزگاری لێبکەیت.

 

ئەمەی خوارەوە کۆمەڵێک هەڵەیە کە زۆرێکمان بەرامبەر ددانمان ئەنجامی دەدەین:

-لە کاتی ددان شۆردندا پەستانێکی زۆر دەخەینە سەر فوڵچەکە، کە ئەوەش هەڵەیە و زیان بە ددانەکانمان دەگەیەنێت.

-گرنگی بە ئەو خواردنانە نادەین کە دەیخۆین، لە کاتێکدا خواردنی ئەو خواردەمەنیانەی کە کالسیۆم و فسفۆڕ و فلۆری تێدایە بۆ ددان گرنگە وەک بەرهەمە سپیەکان و ماسی و میوە.

-تەنها بە فوڵچە ددانەکانمان دەشۆین لەکاتێکدا ئەوەش هەڵەیە و پیویستە ناوە ناوە دەرمانی دژە بەکتریا بۆ ددانەکانمان بەکار بهێنین.

-ددانەکانمان لای پزیشک پاک ناکەینەوە، لانیکەم لە ساڵێکدا جارێک پێویستت بەوەیە لە لای پزیشک ددانت بە باشی پاک بکەیتەوە، چونکە هەندێک پیسی هەیە بە فوڵچە لاناچێت ددان شۆردنی ڕۆژانە بە فوڵچە بەس نییە.

-زۆرێک وادەزانن ڕێککردنەوەی ددان تەنها لە هەرزەکاریدا پێویستە، لە کاتێکدا لە هەموو تەمەنێکدا ڕێککردنەوەی ددان و بونی زەردەخەنەیەکی جوان گرنگە.

-هەڵەیەکی دیکە کە ئەنجامی دەدەین ئەوەیە کە بەیەک لای ددانمان خواردن دەجوین، لە کاتێکدا پێویستە هەردوو لا بەکار بهێنین.

-هەڵەیەکی گەورەیە گەر هەر لە منداڵیەوە منداڵەکانت لەسەر پارێزگاری لە ددانی رانەهێنیت، بۆیە پێویستە فێری بکەیت.

سەرپەیڤ