تشرینی یه‌که‌م 18, 2022 19:41 Asia/Tehran
  • کرماشان زیاتر بناسە

کرماشان جبا لەوەی کە لە ڕووی ھونەری موسیقاو ئەدەب و شیعرو چیرۆک و پیشەی سینەما شارێکی ھەڵکەوتەیە لە ئێران و بە تایبەت لە نێو شارە کوردنشینەکانی ئێراندا، لەو شارە ھەرە کۆنانەشە کە خاوەنی گەلێک شوێنەواری لەمێژینەو ناوازەیە.

کرماشان گەورەترین شاری کوردنشینی ئێران و نۆھەمین شاری پڕحەشیمەتی ئەم وڵاتە دێتە ئەژمار کە لە ڕۆژئاوای ئێراندا ھەڵکەوتووە. پارێزگای کرماشان  خاوەنی ٣٠٠٠ شوێنەواری مێژووییە کە٧١٦ دانەیان وەک شوێنەواری نیشتیمانی تۆمار کراون و هاوکات ئاسەوارێکی ناوازەشی تۆماری جیهانی کراوە. ئەو ئاسەوارەش شوێنی گەشتیاریی «بێستون»ـە کە لە مەودای ٣٠ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کرماشان هەڵکەوتووە.

ھەڵکەوتنی ئەم شوێنە گەشتیاری و دڵڕفێنە  لەسەر ڕێگای جادەی ئاوریشم، سەرنجی زۆرێک لە پاشاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. «بێستون» سەرەڕای ئەو جوانییە سەرنجڕاکێشەی، داگری زۆر بەردەنوسسی کۆن و لەمێژینەیە کە ھەر بینەرێک بە خۆیانەوە ئەبڵەق دەکەن.

زۆرێک لە مێژوونووسان لە کتێبەکانیاندا باسی ئەم شارە دێرینە و پەیکەرەکانی بیستۆن و تاقوەستانیان کردووە.

بەردەنووسی «داریۆشی گەورە» نەخشی ھەڵقەندەی ئەوو  ئاهورامەزدای پێوە دیارە. پەیکەری «هێرکوڵ» کە کەسایەتیی ئەفسانەیی کۆنی یۆنانە، نەخشێکی ناوازەی دیکەی «بێستۆن» دێتە ئەژمار. دیواری فەرهاد «کۆکەن» ڕۆمانسیەتێکە لە ناخی بەردەکاندا کە نیگای چاوەکانی ئەویندارانی سەردەم بەرەولای خۆی ڕادەکێشێت.

دیارترین ئاسەوارێک کە لە «تاقوەستان» دا بەدی دەکرێت وێنەی دوا پاشای ساسانییە. هەروەها بەردەنووسەکانی ڕاوگەی بەراز، تاج لە سەرکردنی خەسرەو پەرویز و ئەردەشیری دووھەم لە باوەشی شاخەکەدا هەڵکەندراوە.

کەش و هەوای هاوینەی «تاقوەستان»، هاوینەهەوارێکی دڵڕفێنی بۆ خەڵک و سەردانیکەران دابین کردووە. زۆرێک لە خۆراکەکانی کرماشان لەوانە «ئاشی عەباسعەلی» و «پەراسوی برژاوی مەڕ»و «نانە چەورە»کەی وێردای زمانی ئەو کەسانەیە کە گەلێک جار لە کاتی گەشت و پشووەکاندا ئەم شارە بۆ سەردان ھەڵدەبژێرن و «نانی برینجی» و «کاک»کەشی خۆ ئیدی قسەی لە سەر نییەو ناودارترین سەوقاتی ئەم پارێزگایەیە کە وەکو دەستودیاری ڕەوانەی زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئێرانی مەزن دەکرێت.

سەرپەیڤ