کانونی یه‌که‌م 24, 2022 15:45 Asia/Tehran
  • تۆوی ڕووەکێکی تەمەن پێنج هەزار ساڵە لە شاری سووتاوی ناوچەی سیستان دۆزرایەوە

سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی زانستیی کۆنینەناسیی شوێنەوارییەکانی زانکۆی سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕایگەیاند: لە وەرزی پێنجەمی هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان لە «تەپە دەشت»ی شاری سووتاوی ناوچەی سیستان ، پەنجەمۆر و تۆوی ڕووەک کە مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە دۆزرایەوە .

«مەھدی مورتەزەوی» سەرۆکی توێژینگەی زانستەکانی کۆنینەناسیی زانکۆی سیستان و بەلوچستان ڕۆژی شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا، وتیشی: «تەپە دەشت» یەکێک لەو ٧٠٠ حاسەیەی گردوپەڕی شاری سووتاوە کە ھی  چاخی مەفرەغە کە لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی سیستان و بەلوچستانەوە هەڵکەندراوە و نمونەی وەک پەنجەمۆر و تۆوی ڕووەکی تیادا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

«مورتەزەوی» بە ڕاگەیاندنی ئەمە کە لەم وەرزەدا داتای وەکو سواڵەت دۆزراوەتەوە، وتیشی: پێدەچێت ئەم حاسەیە وەرشەیەکی گەورەی پیشەسازی بووبێت و سواڵەتی شاری سووتاو لێرەوە دابینکرابێت.

سەرۆکی پەیمانگای توێژینەوەی زانستە شوێنەوارییەکانی زانکۆی سیستان و بەلوچستان، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم حاسەیە وەرشەیەکی پێنج دۆنمی پیشەسازیی تیادایە، وتیشی: ئەو پەنجەمۆرانەی لەسەر سواڵەت و گڵینەکان بەجێماون دەتوانن زانیاری گرنگمان بدەنێ سەبارەت بە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە.

«تەپە دەشت» لە 30 کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژئاوای شاری سووتاو ھەڵکەوتووە.

بەگوێرەی هەڵکۆڵینەکانی شوێنەوارناسان، تا ئێستا تەنها نزیکەی سەدی پێنج ھەتا شەشی شاری سووتاو هەڵکەندراوەو کاری هەڵکەندنی ئەم شارە بۆ ماوەی ٢٥٠ ھەتا ٤٠٠ ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت.

سەرپەیڤ