کانونی دوھەم 26, 2023 18:21 Asia/Tehran
  • گۆماوی «دوورگە سەنگی»ی نەغەدە میوانداریی لە سێ ھەزار فلامینگۆی کۆچەر دەکات

سەرپەرشتی فەرمانگەی ژینگەپارێزی نەغدە وتی:شارەزایانی ئەم فەرمانگەیە، لە میانەی چاودێرییەکانیاندا،لە گۆماوی «دوورگە سەنگی»ی ئەم شارەدا، چەند پۆلێکی گەورەی فلامینگۆی کۆچەریان، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار دانە، بەدی کردووە.

«ئەکبەر قایمی» ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێری ئیرنا وتیشی: هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا فلامینگۆی کۆچەر لە دەریاچەی ورمێوە بەرەو زنجیرە گۆماوەکانی سەیرانگەی نیشتیمانیی ئەم دەریاچەیە لەوانە گۆماوی «دوورگە سەنگی»ی نەغەدە کۆچ دەکەن.

ئاماژەی بەوەش دا: ئەم باڵندە کۆچەریانە بۆ ماوەیەک لە گۆماوی «دوورگە سەنگی» پشوو دەدەن و خۆراک دەخۆن و دواتر بەردەوام دەبن لە کۆچکردنیان بۆ ناوچەکانی باشووری تر.

   

فلامینگۆ باڵندەیەکە بە قاچ و ملی درێژو دەندوکێکی چەماوەوەوە، ئەم باڵندەیە لە ئاودا چینە دەکات و جەستەیەکی زۆر درێژ و توکنی ھەیە بە ڕەنگێکی سپی و پەمەیییەوە کە بەرزییەکەی لە نێوان ٩٠ سانتیمەتر بۆ ١.٥ مەتر دەبێت، لە کاتی فڕیندا، باڵ و ملی ھێندێک نزمتر لە جەستەی ڕادەگرێ و ڕەنگی باڵەکانیشی ڕەش و سورێکی تێکەڵە کە ھەر ئەمەش جوانییەکی تایبەتیی پێ بەخشیوەو بە هێواشی و لە سەرەخۆ دەفڕێت.

ئەم باڵندانە بە کۆمەڵ دەژین و ژمارەی ھەر پۆلێکیشیان چەند ھەزار تێپەڕ دەکات و کەنارەکانی دەریاچەی ورمێ و پارێزگای فارس گرنگترین شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم باڵندەیەیە لە ئێران دا.

لەشاری نەغدە حەوت گۆماوی وەرزی وهەمیشەیی هەن کە ساڵانە زیاتر لە ١٠ هەزار باڵندەی کۆچەر و خۆجێیی تێدا دەژین، کە لە نێویاندا گۆماوەکانی دوورگە سەنگی، ئاق قەڵا، حەسەنلو و یادگارلو لە ڕیزی تاڵاوگە نێونەتەوەییەکان دێنە ئەژمار.

سەرپەیڤ