شوبات 02, 2023 15:02 Asia/Tehran
  • پیس بوونی کەش و ھەوا خەمۆکی دروست دەکات

توێژینەوەیەک ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ژیان لە ژینگەیەک دا کە کوالێتی کەش و ھەواکەی لە ئاستێکی نزم دا بێت، دەبێتەهۆی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

توێژەران لە بەریتانیا لە ماوەی یانزە ساڵدا لە نێو نزیکەی نیو ملیۆن کەسی پێگەیشتوو بەدواداچوونیان بۆ خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کردووەو لە ئەنجام دا ئەوەیان، بۆیان دەرکەوتووە کە ھەتا پیسبوونی هەوا زیاتر بێت، خەمۆکی و دڵەڕاوکێش زیاتر دەبێت.

هەروەها ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە، ئەو کەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە پیسبوونیان زیاترە، ئەگەری تووشبوونیان بە گرژی و خەمۆکی زیاترە تەنانەت کاتێک کوالێتی هەوا لە سنووری رێگەپێدراویش دا بێت.

لە نووسینێکدا لە گۆڤاری کۆمەڵەی دەروونیی پزیشکی ئەمریکی، توێژەران، لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد، پەکین و ئیمپریالی کۆلێژی لەندەن، دەڵێن، دۆزینەوەکانیان ئەوە پیشان دەدەن کە پێویستە ستاندارد یان رێسای توندتر بۆ کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی هەوا دابنرێت.

توێژەران ئاماژەیان بەوەش کردووە، هیوادارن سیاسەتمەدارانی جیهان توێژینەوە و بنەما زانستییەکان لەبەرچاو بگرن.

ئانا هانسێل مامۆستای پەتا ژینگەییەکان لە زانکۆی لێستەر، کە بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکەدا، وتویەتی، ئەم توێژینەوەیە بەڵگەی زیاتر دەخاتە ڕوو لەسەر کاریگەرییە خراپەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر مێشک.

سەرپەیڤ