شوبات 03, 2023 21:22 Asia/Tehran
  • زەماوەندی ھەزار ساڵەی «پیری ھەورامان»

ئاھەنگی ھەرە کۆن و نەریتیی «پیرشالیار» ناسراو بە «زەماوەندی پیر شالیار» کە مێژووەکەی بۆر ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، ئاھەنگێکی کۆن و مێژووییە کە ھەموو ساڵێک لە ھەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای کوردستانی ئێران بە ناوەندایەتیی شاری «سنە»و بە ئامادە بوونی مویوانان و گەشتکارێکی زۆر بەرپا دەکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە بیروباوەڕ و ئەفسانەی خەڵکی ھەۆرامان دا پیرێکی ئەفسانەیی بەناوی «پیرشالیار» هەیە، کە وەک باسی دەکرێت خاوەنی کەرامات بووە. لەو کەراماتەشی  چیرۆکی چارەسەر کردنی نەخۆشیی «شا بەھار خاتوون» کچی پاشای بوخارایە، کە «پیێر شالیار» بە خواستی خودا شیفای دەدات و نەخۆشییەکەی بۆ چارەسەر دەکات.

Image Caption

بەسەرھاتەکەش وەھا بووە کە، «شا بەھار خاتوون» کەڕو لاڵ دەبێت و تەواوی حەکیم و پزیشکانی ئەو سەردەمەش لە چارەسەرکردنی بێ تواناو دۆش داماو دەبن ھەتا ئەوەی کە ناوبانگی «پیر شالیاری ھەورامی» دەگاتە بوخاراو و پاشای بوخاراش دەڵێت: ئەوەی کچەکەی ساغ کاتەوە لێی مارە دەکات.

Image Caption

سەرەنجام مامی پاشا لەگەڵ کۆمەڵێک لە گردوپەڕییەکانی پاشا، بەرەو «ھەورامان» وەڕێ دەکەون بۆ ئەوەی «شا بەھار خاتوون»ی کچی پاشای بوخارا ببەنە لای «پیر شالیار» کە بەشکو چارەسەرێکی بۆ ببینێتەوە، کە دەگەنە گوندی «ھەورامانی تەخت» گوێی کچەکە دەکرێتەوەو بیسا دەبێت.

Image Caption

دوابەدوای ئەوە کاتێک دەگەنە نزیکی ماڵی «پیر شالیار» لە نزیکەوە، نەعرەتەی دیوێک سەرنجیان ڕادەکێشێت کە لەناکاو لە بەردەم ماڵەکەی «پیر شالیار» تەختی زەوی دەبێت و دەمرێت و دوای ئەم ڕووداوە خێرا زمانی کچەش دەکرێتەوە دەست دەکات بە قسە کردن. پاش ئەوە پاشای بوخارا کە کچەکەی گوێ و زمانی کراوەتەوەو ئەو گرفتەی لە کۆڵ بووەتەوە بەڵێنەکەی بەجێ دێنێ و  کچەکەی لە «پیرشالیار» مارە دەکات و خەڵکی ئەو گوندەش ئاھەنگێکی شکۆمەندی زەماوەند بۆ «پیرشالیار»و «بەھار خاتوون» دەگێڕن و لەوەبەولاوە ھەموو ساڵێک لە وەرزی زستاندا خەڵک بۆ ماوەی سێ شەوو سێ ڕۆژ ئاھەنگێک لەژێر ناوی زەماوەندی «پیرشالیار» بەرپا دەکەن.

Image Caption

خەڵکی ناوچەکە و شوێنکەوتووان و موریدانی  ئەم پیرە ئەفسانەییە ھەموو ساڵێک ئاھەنگی زەماوەندی «پیر شالیار» کە دەکاتە دوایین چوارشەممەی بەرلە پانزەی ڕێبەندان ، ھەر بە ھەمان شێوەی یەکەم جار بۆ ماوەی سێ شەوو سێ ڕۆژ بەرپا دەکەن.

Image Caption

لەم ئاھەنگ و نەریتەدا کە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە دوای نوێژی بەیانی دەست پێ دەکات منداڵانی گوندەکە لە کۆڵانە تەسک و بەفراوداگرتووەکانی گوندەکە بە هاواری «کڵاوڕۆچنە» دەچنە بەر دەرگای ماڵەکانی خەڵک و پشکی خۆیان لە چەرەمەنی داوا دەکەن.

Image Caption

«کڵاوڕۆچنە» لە ڕاستیدا داگری چەرەمەنیی وەک بسکیت و گوێز و شیرینییەو هەر ماڵێک ئەوەی وا بۆ وەھا ڕۆژێکی وەلاناوە دەکاتە ھەگبەی منداڵەکانەوەو پاشان منداڵان بە خۆشحاڵی و ھەگبەیەکی پڕەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ.

Image Caption

لەگەڵ کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی «کڵاوڕۆچنەی منداڵان»، ئەو مەڕانەی بۆ ئاوا ئاھەنگێک دەستنیشان کراون لە نزیک ماڵە کۆنەکەی «پیرشالیار» قوربانی دەکرێن وگۆشتەکەیان بۆ دروست کردنی شۆربای تایبەتی و ھەروەھا دابەشینی بەسەر خەڵک دا ئامادە دەکرێت و دەبرێتە نێو ماڵە کۆنەکەی «پیر شالیار»ەوە، ئەمە جیا لەوەی کە بەدرێژایی ڕۆژ ھەر لەو ماڵەدا شۆربای تایبەتی لێ دەنرێت و زۆربەی ماڵەکانی ھەورامانیش بە خواردنی نەریتی خزمەتی میوانەکان دەکەن.

Image Caption

دوای ئەوە و لەپاش نوێژی عەسر ڕۆژی چوارشەممە، ڕێ و ڕەسمی دەف ژەنین سەماع و سەمای عیرفانی لە حاسەی ماڵەکەی «پیرشالیار» ھەتا خۆرئاوا بەڕێوە دەچێ و ئێوارەی پێنجشەممەش هەمان ڕێوڕەسمی دەف ژەنینی و سەماع و سەمای عاریفانە بە ئامادەبوونی خەڵک بەردەوام دەبێت و مەراسیمەکە بە کۆڕی شەوانە تا درەنگانێکی شەوی پێنج شەممە لە سەر ھەینی لە ماڵەکەی «پیرشالیار» کە بە «شەو نیشت» ناودارەو ئاوێتەی زیکرو تەلیلەو شیعرخوێندنەوەیە بەردەوام دەکرێت.

Image Caption

ڕێوڕەسم و ئاھەنگی «پیرشالیار» ھەتا ڕۆژی هەینی و پێش نوێژی هەینی بەردەوام دەبێت و خەڵک بەیانیی ڕۆژی هەینی پۆل پۆل دەچنە سەر گڵکۆکەی «پیرشالیار» و دوای ڕازونیازو دۆعاو نیایش نوێژی هەینی بەجێ دێنن.

Image Caption

بینینی ئەم ئاھەنگ و نەریتە لەگەڵ مەراسیمی زیکر و سەماع و سەربڕینی ئاژەڵ لە کەشوهەوای شاخاوی و پێکهاتەی قاڵدرمەیینی ماڵەکان کە مامۆستا گۆران وتەنی «وەک پێ پلیکەی دێو» وایە لە کۆشی تارا سپییەکەی وەرزی زستانی ھەورامانی تەخت دا چێژێکی تایبەتی بە بینەرو بەسەرکار دەبەخشێت و دیارە.

Image Caption

ئەم نەریت و ڕێ و ڕەسمە لە ڕووی ڕۆشنبیری و ئایینیشەوە ئەوەندە گرنگە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و هەروەها فۆتۆگرافەر و کامێرامەندو توێژەر و گەشتیارانی بیانیش بەرەو ئەم ناوچە سەخت و پڕ لە ھەڵەموتە پەلکێش دەکات.

Image Caption

هەروەها لە چل و پێنجەمین ڕۆژی بەهاریش دا کە ڕێککەوتە لەگەڵ ١٥ی بانەمەڕ، ڕێوڕەسمێک بە ناوی «کۆمسا»ی لە سەر مەزارگەکەی «پیرشالیار» بەڕێوە دەچێت کە لەبەر سەوزەڵانی و کەشوهەوای دڵڕفێنی هەورامان  گەشتیارێکی زۆر بۆ ئەم ناوچەیە ڕادەکێشێت.

Image Caption

ئەمساڵیش وەک ھەموو ساڵێک ئاھەنگ و نەریتی «پیرشالیار» ناسراو بە «زەماوەندی پیرشالیار» لە ڕۆژانی چوارشەممەو پێنج شەممەو ھەینی واتە ١٢ و ١٣و ١٤ی ڕێبەندان لە ناوچەی ھەورامانی تەخت بەرپا کرا.

Image Caption

                                               گڵکۆی پیرۆزی (پیرشالیار) لە ھەورامانی تەخت

سەرپەیڤ