هۆشداری دانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەردەوامیی گەرمبوونی جیهان
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا ڕایگەیاند: داخ بوونی بەردەوامی هەسارەی زەوی مرۆڤایەتیی ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنا، ڕۆژی دووشەممە، دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کەشوهەوای هەسارەی زەوی بڵاوکرایەوە و وێڕای هۆشداری دانی دووبارە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی گەرمای جیهان، جەخت لەوە کراوەتەوە کە زانایان هۆشدارییان داوە لەوەی کە مرۆڤایەتی تووشی مەترسییەکی گەورە دەبێت ئەگەر داخ بوونی زەوی زۆرتر ببێت.
«ئانتۆنیۆ گۆتێرێش» سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی حەوتانەی دا سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لە شاری «ئینتەرلاک» لە سوییسڕا هۆشداری دا لەوەی کە هەسارەی زەوی لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیک دەبێتەوە و وڵاتانی جیهان دەبێت پابەندبن بە ڕێککەوتنەکەی گەرمای یەک پلە و نیوی پێش سەردەمی پیشەسازی.
وڵاتانی جیهان هەشت ساڵ لەمەوبەر لە پاریس ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هەوڵ بدەن بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ 1.5 پلەی سانتیگراد سنووردار بکەن، یان لانیکەم زۆر خوارتر دوو پلەی سانتیگراد ڕایبگرن.
تێکڕای پلەی گەرمای جیهان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بە ڕێژەی 1.1 پلەی سانتیگراد بەرزبووەتەوە، بەڵام «گۆتێرێش» حەوتەی ڕابردوو پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئامانجی گەییشتن بە 1.5 پلەی سانتیگراد بە کەمکردنەوەی خێراو قوڵی دەردانی گازی ژەهراوی لە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری جیهانیدا ڕێی تێ ئەچێ.
«گۆتێرێش» ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنی سووتەمەنیی فوسیلی پارەیەک بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی گۆڕانی کەشوهەوا تەرخان بدەن.