May 08, 2023 22:31 Asia/Tehran
  • بارانی ئەمساڵ زەوی و زاری دیالەی عێراقی بووژاندووەتەوە

فەرمانگەی کشتوکاڵی دیالەی عێراق ڕۆژی دوشەممە رایگەیاند: بارانبارینی بەخوڕی ئەمساڵ، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە زۆربوونی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە سەرجەم ناوچەکانی دیالە، بەجۆرێک کە لە هەر دۆنمێک زەوی، دو تەن گەنم بەرهەمدەهێندرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «محمد مەندەلاوی» بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کشتوکاڵی دیالە رایگەیاند، ئەمساڵ پارێزگاکەیان زۆرترین زیانلێکەوتوی وشکەساڵییە لە وڵاتدا، بەڵام پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو ئامادەکرا کە لەگەڵ بارودۆخی قەبارەی ئاوی بەردەست لە هەموو پارێزگا کشتوکاڵییەکان بەبێ جیاوازی بگونجێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر بوونی بارانبارین ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبووە لە زیادکردنی ڕوبەری ئەو زەویانەی کە بە بەرهەمی گەنم و جۆ چێنراون، ئەمە جگە لە زیادکردنی بەرهەمهێنان تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک ناوچە نزیکەی دو تۆن گەنمیان بەرهەمهێناوە لەیەک دۆنم زەویدا، ئەمەش حاڵەتێکی ناوازیە و چاوەڕوان نەکراو بووە. 

«محەمەد مەندەلاوی» ئەوەشیخستەڕوو، "هەمو چاوەڕوانییەکان بۆئەوەن کە بەرهەمی گەنمی دیالە بگاتە 230 هەزار تۆن، ئەمەش خۆبژێویی بەدەست دەهێنێت لە دەستەبەرکردنی کەلوپەلەکانی ئارد بۆ هەمو هاوڵاتیان، لەکاتێکدا کەس چاوەڕێی ئەمەی نەدەکرد لەبەر بارودۆخی وشکەساڵی و نەبوونی ئاوی ئاودێری لەرابردوودا.

سەرپەیڤ