May 17, 2025 10:20 Asia/Tehran
  •  قرژاڵ؛ یه‌کێک له‌ سه‌یرترین گیانه‌وه‌ره‌ ئاوییه‌کان کە به‌ ئاڕاسته‌ی ته‌نیشته‌کانی ده‌جووڵێت

قرژاڵ یان قرژانگ گیانه‌وه‌رێکی ئاوییه،‌ به‌ڵام به‌ یه‌کێک له‌ سه‌یرترین گیانه‌وه‌ره‌ ئاوییه‌کان داده‌نرێت، چونکه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ته‌نیشته‌کانی ده‌جووڵێت نه‌ک بۆ پێشه‌وه‌.

قرژاڵ (به‌ ئینگلیزی: crab) یه‌کێکه‌ له‌ گیانه‌وه‌ره‌ بێ بڕبڕه‌کان په‌یوه‌ستی و په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ڕۆبیانەوە، به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندووه‌ و توانای مه‌له‌کردن و هه‌ڵکۆڵین و ڕێگه‌کردن و ڕاکردنی هێواشی هه‌یه؛ نزیکەی ٧٠٠٠ جۆری جیاوازی قرژاڵ هەیە، کە لە ٩٣ خێزانی جیاوازدا پۆلێنکراون. نشینگه‌که‌ی هه‌موو وڵاته‌کانه‌ و به‌ نزیکه‌یی هه‌موو ده‌ریا و زه‌ریاکان ده‌گرێته‌وه،‌ به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر شیلانه‌کان و که‌ناری ده‌ریاکان، وه‌ک که‌ناراوه‌کانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، هه‌ندێک له‌ جۆره‌کانیشی لە ئاوی سازگار و بیرەکاندا دەژین، هەروەها  ئه‌و جۆرانه‌ی کە قه‌باره‌یان که‌مێک گه‌وره‌یه‌ شیاون بۆ خواردن.

شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی

قرژاڵ گیانه‌وه‌ره‌ێکی قه‌باره‌ بچووکه‌ و ڕه‌نگه‌که‌ی له‌ نێوان سوور بۆ پرته‌قاڵییه‌؛ قه‌باره‌که‌ی له‌ چه‌ند سه‌نتیمه‌ترێکه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات بۆ نزیکه‌ی ٣.٦ مەتر، توێکڵێکی کیتینی فراوانی هه‌یه‌ و لێواره‌کانی پێشه‌وه‌ی زبرن هه‌تا په‌له‌کانی سنگی و بۆ جووته‌ په‌له‌که‌ی دواوه‌ی، که‌ بۆ کاتی مه‌له‌کردن سوودی لێ ده‌بینێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قاچه‌کانی چه‌ماوه‌ن بۆیه‌ شێوازی ڕۆشتن و جووڵه‌کردنی به‌ ئاڕاسته‌ی ته‌نیشته‌کانیه‌تی.

قرژاڵه‌کان چنگیان هه‌یه‌ و بۆ مه‌به‌ستی جیاواز به‌کاری ده‌هێنن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ کاتی شه‌ڕکردن و توشبوونی به‌ ڕووداوێک چنگه‌کانی له‌ده‌ستدا ئه‌وا دووباره‌ دروست ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها قرژاڵه‌کان په‌یکه‌رێکی پارێزه‌ریان هه‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌ پاراستن ئه‌وا پاڵپشتی جه‌سته‌شی ده‌کات و ڕاگیری ده‌کات. هه‌روه‌ها ددانی قرژاڵ له‌ نێو سکیدایە‌ و چنگی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان کە لە وەرزی زۆربووندا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێێنەکان بەکاری دەهێنن؛ شێوەی سکی نێرینەکان تەسک و سێگۆشەییە، بەڵام سکی مێینەکان فراوانتر و بازنەییە، کە بۆ هەڵگرتنی بێچووەکان گونجاوە. بەڵام قەبارەی قرژانگەکان بەگشتی بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە، لە هەندێکیاندا مێینەکان گەورەترن لە نێرینەکان و لە هەندێک لە جۆرەکانی دیکە نێرینەکان گەورەترن، بچووکترینەکان دەکرێت تەنها چەند ملیمێک درێژ بن لە کاتێکدا جۆرە گەورەکانی دەگاتە زیاتر لە مەترێک.

 

خۆراک

قرژاڵ یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و گیاخۆریشە؛ بۆیە سه‌رچاوه‌یه‌کی دیاریکراوی خۆراکیان نییه‌، به‌ڵام بەگشتی خواردنی بێ بڕبڕه‌ و هه‌ڵواسراوه‌کانیان بۆ په‌سه‌نده‌. به‌تایبه‌تی هێلکه‌ی ماسییه‌کان و توێکڵداره‌کانی دیکه‌، یان دەکرێت قرژاڵەکان ماسییه‌ مردووه‌کان یان گیانه‌وه‌رە مردووەکانی دیکە بخوات. هەروەها هەندێکێشیان دەتوانن سەوزە و میوەکانیش بخۆن.

یەکگرتن و زۆربوون

قرژاڵی نێر سەرنجی مێینەکانیان ڕادەکێشن و ئاگاداریان دەکەنەوە، بە دەردانی ماددەی فیرۆمۆن یاخود لە ڕێگەی بینین یان دەکردنی دەنگ یاخود لە ڕێگەی لەرەلەرەوە. جۆرە ئاوییەکان ڕێگەی فیرۆمۆن بەکار دەهێنن، بەڵام ئەوانەی لە وشکانی دەژین بە جووڵاندنی چنگیان هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان دەدەن. وەک قرژاڵی کەمانچەژەن کە چنگە بەرزەکەی نیشانی مێینەکان دەدات.

شێوازی یەکگرتنی قرژاڵەکان لە سکیانەوە دەبێت، مێینەکان لە بەشەی ناوەوەی جەستەیاندا جێگەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ خەزنکردنی تۆوی نێرینەکان، کە دەتوانن هەتا کاتێکی ماوە درێژ هەڵیگرن پێش بەکارهێنانیان بۆ پیتاندن؛ پاش پیتاندن هێلکەکان لە سکی مێینەکەوە دەردەچێت بۆ بەشی خوارەوەی توێژاڵی کلکی، دواتر بە ماددەیەکی لینج ڕووپۆش دەکرێت و بە پارێزراوی دەمێنێتەوە لە ماوەی قۆناغەکانی گەشەسەندنی کۆرپەلەکەی، پاشان بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن و بە هەڵواسراوی لە ئاودا دەمێننەوە هەتا بە تەواوەتی پێ دەگەن.  

 

جۆرە سەرەکییەکانی قرژاڵی دەریا

  •     قرژاڵی کەمانچەژەن: جۆرێکی ئاوە سازگارەکانە، بە ئاسانی ڕاگیر دەکرێت و پەروەردە دەکرێت، تەنها پێویستی بە ئاوی خاوێن و خۆراکە لە کاتی گونجاودا.
  •     قرژاڵی چنگ سوور: ئەم جۆرەش لە ئاوە سازگارەکاندا دەژی، بۆ پەروەردەکردن و ماڵی کردنی پێویستی بە گرنگی پێدانی زۆر نییە.
  •     قرژاڵی شەیتانی تایلەندی: سەرەڕای ئەوەی ناوەکەی بە ئەو جۆرەیە، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکی زۆر بێ زیان و خۆشەویستە، چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە.
  •     قرژاڵی چنگ ئاڵتوونی: چنگێکی گەورەی تایبەت و ئاڵتوونی هەیە، قەبارەی گەورەیە، هەروەها چاڵ هەڵدەکۆڵێت و لە نێویدا خۆی حەشار دەدات.
  •     قرژاڵی خوێنمژ: یەکێکە لە دەگمەنترین جۆرەکان، بەهۆی ڕەنگە جوانەکەیەوە ئەم ناوەی لێنراوە، جەستەی وەنەوشەییە و چاوەکانیشی زەردن، قەبارەی زۆر بچووکە و جۆرێکی گۆشتخۆرە.
  •     قرژاڵی پڵنگی: ڕەنگی پرتەقاڵییەکی کراوەیە و خاڵی ڕەشی تێدایە، جۆرێکی خۆشەویست و بێ زیانە، تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە خۆراکی گونجاوی پێنەدرێت، کە هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەی دەبێت.

 

 

سەرپەیڤ