زانیاریێکی تێر و تەسەل لەسەر ئەدەبیاتی چینی؛ بۆچی ئەدەبیاتی چینی گرنگە؟
ئەدەبیاتی گەلی چین، بە یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین ئەدەبیاتەکانی ئاسیا و جیهان دادەنرێت؛ ئەم ئەدەبیاتە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر گەلانی ناوچەکە و شارستانیەتی سند هەبووە.
مێژووی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی چینی (بە ئینگلیزی: Chinese Literature) هەزاران ساڵ پێش زایینیە. کە سەرەتای سەرهەڵدانیشی بە فەلسەفە و فەلسەفەی ئەفسانەیی دەستی پێ کرد و تا لە دواجاریشدا بە چیرۆک و ڕۆمان و هۆنراوە کۆتایی هات. شایەنی باسە ئەم قوتابخانە ئەدەبییەی چین، ڕێبەری کار و کردەوەی پاشاکانی چین خۆی و وڵاتانی دراوسێ بووە. بە جۆرێک ناو و ناوبانگی فەیلەسوف و نووسەرە چینییەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەبیسترا؛ لە شانشینەکانی کۆریا وەک جۆسۆن و شیلا و گۆگریۆ و بایکجی پڕۆگرامی خوێندنی شازادەکان بوون، گەر شازادەیەک نەیتوانیبا لە دەقی کتێبێکی چینی تێ بگات ئەوا ڕووبەڕووی ڕەخنەی وەزیرەکان و کاربەدەستانی شانشینەکە دەبوونەوە و تەنانەت زۆر جار لە نازناوی جێنشین و تەختی شاهانە بێبەش کراون بەهۆکاری تێنەگەیشتن لە دەقێک.
ئەدەبیاتی چینی باس لە چی دەکات؟
گەر سەرنجی کۆنترین دەقە ئەدەبییەکانی وڵاتی چین بدرێت، نووسراوەکان لە بابەتی بنیادی کەسی و پاکبوونەوەی ڕۆح لە تاوان و زمان پاراوی لە گوفتاردا و سەرکردایەتی کردن و درک کردن بە ڕاستیی شتەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چۆن لە کاردا سەرکەوتوو دەبیت؟ و هەندێ جاریش بەتایبەتی لە بارەی هونەرەکانی بەرگری و شەڕکردن بە شێوەی ئەدەبیانە نووسراون.
بەڵام ئەم بابەتانە بۆ هەموو کەسێک نەبوون و هەموو کەس نەیدەتوانی لێیان سوودمەند بێت. چونکە بنیادنانی کەسی و بابەتە فەلسەفی و داناییەکان تەنها بۆ بنەماڵەی شاهانە بوون، خەڵکی گشتی نەخوێندەوار بوون و نەیاندەتوانی سوود لە نووسراوی کتێب ببینن. بە شێوەیەکی گشتی ئەدەبیاتی چینی بۆ خانەدان سوودی زیاتر بوو وەک لە خەڵکی گشتی ناو کۆمەڵگە.
ئەدەبیاتی چینی بە چ شتێک لە ئەدەبیاتەکانی تر جیا دەکرێتەوە؟
گەر سەرنجی نووسراوە کلاسیکییەکان، ئەوانەی سەردەمی فەرمانڕەوایی پاشاکان و شارستانیەتی سند بدرێت، هەر کتێبێک بە شێوازی گفتوگۆ نووسراوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری خوێنەر بداتەوە و هیچ شتێک جێ نەهێڵێت. ئەم ناوەڕۆکە لە کتێبە فەلسەفییەکاندا بە ئاشکرا دەبینرێت، کە تیایدا نووسەر وەک بڵێی قسە لەگەڵ خوێنەردا دەکات، هەنگاو بە هەنگاو پرسە گرنگەکانی بۆ شی دەکاتەوە؛ بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت لە ئەدەبیاتدا دوو جۆر گەیاندنی پەیام هەیە، یەکەمیان لە خوێندنەوەی دەقەکەدا تێ دەگەیت چی نووسراوە، بەڵام جۆری دووەم پێی دەڵێن سیمای فەلسەفی، ئەمەیان بەیەکتر بەستنەوەی یەکەم تا کۆتا وشەی کتێبەکەیە و لێکدانەوەی هەموو نووسینەکانە لەلایەن خوێنەر، کە بەمە خۆی هەڵدەسەنگێنێت تا چەند لە کتێبەکە تێ گەیشتووە.
ئەم سیمایەی ئەدەبیاتی چینی لە هیچ ئەدەبیاتێکی تردا بە دی ناکرێت؛ نووسەرەکان زۆر بە ئاڵۆزی شتەکان باس دەکەن و تێگەیشتنیش لێیان فرە چەشنە، هەیە بە ڕووکەش پەیامەکە وەردەگرێت. هەشە بە ئەقڵ لێکدانەوەکان وەردەگرێت، ئەوانەی بە ئەقڵ تێ دەگەن پێیان دەگوترێ (پێشەنگی هەموو بوارەکان).
دیارترین نووسەرانی ئەدەبیاتی چینی
لە ئەدەبیاتی چینیدا، ڕێژەیەکی زۆر لە نووسەر هەبوون هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئەدەبیاتەکە، تاوەکوو دوا قۆناغ کە قۆناغی مۆدێرنی پێ دەڵێن. بەڵام دوو لەم نووسەرانە بە پێشەنگ و سەرمەشقی تەواوی نووسەرانی چین دادەنرێن ئەوانیش (کۆنفشیوس) و (سەن زوو)ن. کۆنفشیوس بە ڕێبەری ڕۆحی و دانایی گەلی چین دادەنرێت، سەن زووش کە پیشەی ژەنەڕاڵی سوپا و سەرۆکی هەواڵگری و سیخوڕی بوو بە نووسینی کتێبی (هونەری جەنگ) بە پێشەنگی بابەتی سەربازی و بنیادی کەسایەتی دادەنرێت.
هۆنراوە وەکوو گرنگترین چەمکی ئەدەبیاتی چینی
هۆنراوە، مێژوویەکی دێرینی لە چیندا هەیە. یەکێکە لە ژانەرە ئەدەبییە گرنگەکان، یەکێک لە ناوبانگترین هۆزانڤانە چینییەکان (لی بای) کە بە (لی پۆ) ناسراوە، هۆنراوەکانی قووڵبوونەوەیە لە جوانی و بەکارهێنانی وەسف و ڕەوانبێژییەکی زۆری تێدا بەدی دەکرێت. هەروەها (دو فو) کە هۆنراوەکانی گوزارشتن لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کاری هەرەوەزی جووتیاران.
ئەفسانە و خەیاڵ لە ئەدەبیاتی چینیدا
لە ناو ئەدەبیاتەکەدا ژانەری ئەفسانەیی و خەیاڵی بوونی هەیە کە خوێنەری نوقمی ئەندێشە دەکەن؛ ئەفسانە وەکوو سیمبولێکی دیار لای خانەدانەکان دەبینرێت. دیارترین ئەفسانەش، ئەفسانەی دراگۆنە کە لە کتێبی (گەشتێک بۆ ڕۆژاوا)ی نووسەری چینی (وو چێنگ ئین) باس کراوە کە ناوەڕۆکی کتێبەکە گەشتی ڕێبەرێکی بودی دەخاتە ڕوو، کە لە درێژەی گەشتەکەیدا چاوی بە ئاژەڵێکی زەبەلاح کەوتووە کە لاشەیەکی درێژی هەبووە و توانای هەڵدانی ئاگری هەبووە، قەشەکە دانایی لەم ئاژەڵە وەردەگرێت و لە کاتی گەڕانەوەیدا خەڵکی ناوچەکەی لە بارەی ئەم ئاژەڵەوە ئاگادار دەکاتەوە و بە دراگۆن ناویان دەهێنێت.
هەروەها کتێبی (خەونی ژوورە سوورەکە)ی نووسەر "جاو شی کین" بە شێوازێکی خەیاڵ ئامێزانە ژیان و گوزەرانی خەڵکی خانەدانی چین لە سەدەی ١٨یەم باس دەکات.
ئەدەبیاتی مۆدێرنی چین
دوایین قۆناغی ئەدەبیاتی چینی، ئەدەبیاتی مۆدێرنە کە تەواو جیاوازە و لە قۆناغەکانی پێشتر ناچێت. دیارترین ڕۆماننووس "لو شون" کە ڕۆمانەکانی ڕەخنەیین و لە بارەی گەندەڵی سیاسی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەدوێن. مۆ یان، نووسەرێکی تری ناوبانگی چینە کە ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبیاتدا بە دەست هێناوە. کە ئەمیش نووسینەکانی واقعیانەیە و تێکەڵیان دەکات بە مێژوو.
نووسەرانی مۆدێن لە چین یاخود چینییەکانی دەرەوەی وڵاتەکە پێیان وایە لە نووسینەکاندا پێویستە واقعیانە بیر بکەیتەوە و پەیڕەوی لە ڕێبازی ڕیالیزم بکەیت و لەگەڵ کێشەکان و گیر و گرفتەکانی سەردەم بنووسیت. کە ئەمەش جیاوازە لەو قۆناغانەی ڕابردووی ئەدەبیاتەکە کە نووسین تەنها بۆ خانەدانەکان بووە، تەنها ئەوان ئاڕاستە کراون، بەڵام لەم سەردەمەدا پێچەوانەکەی دەگوزەرێت، نووسەرە چینییەکان پێیان وایە نووسین بۆ خەڵکی گشتییە نەوەکوو چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگەدا. بۆیە زۆربەیان ناتوانن لە چیندا بنووسن بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان و زۆربەیان لە ئەمریکا یاخود وڵاتەکانی تر دەژین و دەنووسن.
لە ئەدەبیاتی چینیی کلاسیکدا کۆمەڵێک بابەت هەن زۆر دووبارە دەبنەوە یاخود زۆر دەبینرێن، ئەوانیش:
پێنج گرنگترین ناوەڕۆک لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی چینیدا
قۆناغەکانی مێژوویی
ئەدەبیاتی چینی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەردەمە مێژووییەکانی چیندا بابەتەکانیش گۆڕانیان بەسەر هاتووە، بەتایبەتی سەردەمی سێ شانشینەکە و دەوڵەتی تانگ و سۆنگ و قینگ. کە لەم سەردەمەدا نووسینەکان لە بارەی هێز و سیاسەت و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵاتەوەن.
بەهای کۆنفشیوسی
ئەمەش ئەو سەردەمەیە کە فەیلەسووفی چینی (کۆنفشیوس Kong Qiu) تێیدا ژیاوە. بابەتەکانی ئەم قۆناغە (بەزەیی، دڵسۆزی، ڕەوشت، فێربوون، لۆجیک) لە خۆدەگرن و نووسەرەکان بە زۆری لەم بابەتانە دواون.
پەیوەندی و خۆشەویستی
ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت (سیمای خۆشەویستی، ڕۆمانتیک، پەیوەندی سۆزداری، تراجیدیا، دوور خستنەوە و حەرام کردنی نشینگە لە ئاشقەکان) ئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر کارە ئەدەبییەکانەوە هەیە و زیاتر لە هۆنراوەدا دەرکەوتوون.
ڕەخنەی کۆمەڵایەتی
زۆرینەی کارە ئەدەبییە چینییەکان بابەتی ڕەخنە لە خۆ دەگرن و لە بابەتی ڕەوشت و دابونەریتدا دەسوڕێنەوە؛ کاتێک کەسێک سزا دەدرێت، زۆر جەخت لە دابونەریتی ئەو جێگەیە دەکرێتەوە. گەر شوێنەکە لادێیەک بێت شێوازی سزادانەکەش بەپێی دابونەریتی ئەو هەرێمەیە. کاتێک پزیشکێک ناتوانێت خانەدانێک ڕزگار بکات بە پێی یاساکان و دابونەریتی ئەو هەرێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە داماڵینیەتی لە پیشەکەی یان بڕینەوەی ئەو دەستەیەتی کە نەخۆشەکەی پێ چارەسەر کردووە. بەڵام لە هەرێمێکی تر ڕەنگە کوشتنی بووبێت. بۆیە نووسەرەکان لە بارەی پرسە کۆمەڵایەتی و نەریتییەکان بەپێی هەرێم و ناوچەکانی خۆیان نووسیویانە و خۆیان لە کاروباری هەرێمێکی تر هەڵنەقورتاندووە.
سروشت و فەلسەفە
دیارترین ڕێبازی سروشتناسی لە چیندا ڕێبازی داوسیزم و بودیزمن کە مرۆڤ ڕێنموێنی دەکەن؛ کە خۆیان لە ڕۆحی شەڕەنگێز بپارێزن و بگەڕێنەوە ئامێزی سروشت، گوێ لە دەنگەکانی سروشت بگرن و ئارامی بە جەستە و ڕۆح بدەن و هاوسەنگییەک لە نێوان دونیای بینراو و ئەندێشەکراو ڕابگرن، تاوەکوو بگەن بە خۆشبەختی و ڕۆحەکان لە خوی خراپ دوور بکەونەوە و تاوان ئەنجام نەدەن. ئەم بابەتانە ڕەنگدانەوەیان بەسەر زۆرینەی کارە ئەدەبییەکان هەیە.
بۆچی ئەدەبیاتی چینی گرنگە؟
دیارە گرنگترین خەسڵەت یان تایبەتمەندی ناسینەوەی مێژووی وڵاتێک بریتییە لە زمانەکەی. زمان هۆکارێکی گرنگی بە شارستانی بوونی نەتەوەیەکە. گەر ورد بینەوە لە مێژووی گەلانی خۆرهەڵاتی ئاسیا خاوەنی کەلەپووریان لە چینی نزیکە وەک لەوەی خۆیان خاوەنی قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان بن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری کولتوور و هونەر و ئەدەبی چینی بەسەر گەلانی وەک (ژاپۆنی، کۆری، ڤێتنامی و چەندانی تر) کە تا سەدەی ٢٠ یش ئەدەبیاتی چینی باڵادەسترین و کاریگەرترین ئەدەبیاتی گەلانی خۆرهەڵاتی ئاسیا بوون.
ئەدەبیاتی چینی چ جۆرە بابەتێک دەگرێتەوە؟
ئەدەبیاتی چینی خۆی لە هۆنراوە، پەخشان، فەلسەفە و بابەتە ڕۆحییەکان دەبینێتەوە. بەتایبەتیش بابەتەکانی پەیوەست بە دانایی و تێگەیشتن لە نهێنییەکانی ژیان. لە ئەدەبیاتی چینیدا جۆرە بابەتێک زۆر دەبینرێت لە نووسینەکانیاندا "گفتوگۆی خوێندکار و مامۆستاکان" کە بە شێوازێکی فەلسەفی گفتوگۆ دەکەن، لەم جۆرە نووسینانە گرنگیان لەوەدایە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن بە جۆرێک لە کۆت و بەند ڕزگاری بێت و بتوانێت پەی بە ژیان بەرێت و چاک و خراپ لێکبداتەوە.
گرنگی ئەدەبیاتی چینی لە چیدایە؟
کاتێک نووسراوێکی ئەدەبی دەخوێنیتەوە سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار نووسراوەکە خەیاڵییە و بەرهەمی ئەندێشەی نووسەرە، بەڵام لە نووسراوە چینییەکاندا دەبینین تیشک دەخرێتە سەر ئەوەی خوێنەر لە ڕووی هزر و ڕۆحییەوە بکرێتەوە. بابەتەکان لە چەشنی دانایین؛ بۆ نموونە گەر سەیری کتێبێکی وەک "Art of war" بکەین لە نووسینی سەن زوو کە پێک دێت لە ٨٢ بەند و سەدان هەزار وشە، بەڵام لە نێویدا ٨٠٠٠ وشە هەیە لە بارەی ئەوەی چۆن ببینە کەسێکی دانا و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ژیری بنوێنین. سەرەڕای ئەوەی کتێبەکە لە ژانرای سەربازییە بەڵام کاتێک دەیخوێنیتەوە هەرگیز هەست بەوە ناکەیت کتێبێکی سەربازی دەخوێنیتەوە.
نووسەرانی چینی بووبوونە قوتابخانە و ڕێبەر بۆ بنەماڵە شاهانەییەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا؛ کاتێک شاژن یان دۆستێکی پاشا کوڕێکی دەبوو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە کتێبەکانی نووسەر و فەیلەسووفە چینییەکان پەروەردە دەکرا. یان بابەتە ڕۆحییەکان لە دانانی ڕێبەرە چینییەکان یان بودیزمەکان. هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو بەبڕوای فەیلەسووفە چینییەکان "مرۆڤ هەرگیز پێش ناکەوێت، گەر بابەتە ئاقڵانی و فەلسەفییەکان نەخوێنێتەوە و شرۆڤەی دەقەکان نەکات". هەر لەبەر ئەوەی شازادەکان لە داهاتوودا ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتیان پێ دەسپێردرا دەبوو زۆر بە وردی لە پەیامی کتێبە ئەدەبی و فەلسەفییەکان تێ بگەن. و لە هەمان کاتدا شیکردنەوە بکەن بۆ ڕۆحی یاساکان. تا لە هەر بارودۆخێکدا هەوڵ درا شکۆیان بشکێنرێت بتوانن وەڵامی خێرا و دڵنیاکەرەوە بدەن بە کەسی بەرانبەر.
مێژووی ئەدەبیاتی چینی کەی دەستی پێ کردووە؟
بەبڕوای مێژوونووس و لێکۆڵەرەوەکان، مێژووی ئەدەبیاتی چینی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣ی پێش زایین. کاتێک لەو سەردەمەدا نووسینی هۆنراوە و بابەتە ئەفسانەییەکان باو بوون، چەندین کەسایەتی دەرکەوتن کە بە دامەزرێنەرانی ڕەوتی ئەدەبی چینی دادەنرێن لە بواری نووسینی هۆنراوەدا. بەڵام ئەوەی لە ئەدەبیاتی چینی زۆر بەناوبانگە و ناوی دەهێنرێت یان پێی ئاشناین و نووسینەکانی تاوەکوو سەدەی ٢٠ زایینی هۆکاری پێگەیاندنی زۆرێک لە سەرکردەکان بووە بریتییە لە (کۆنفشیوس Kong Qiu) کە فەیلەسووف و ڕێبەری بنەماڵەی شاهانەی چین بووە.
نووسینەکانی کۆنفشیوس نەک تەنها بۆ شازادەکان بنەمای فێربوون بوون، بەڵکو بۆ هەر کەسێک بیخوێندبایە و پلەی باڵای لە بوارێکدا هەبایە دەبوو کار بە دەق و یاساکانی بکات. بە نموونە لە جۆسۆن (وڵاتێکە دەکەوێتە نێو باکووری کۆریا) تەنانەت بۆ دادوەر، وەزیر، پزیشک، هونەرمەند دەبوو بەرهەمە ئەدەبییەکان و یاساکانی کۆنفشیوس بخوێننەوە. تا بتوانن دانایی بنوێنن لە کارەکانیاندا.
کۆنفشیوس دەڵێت (ژیری لەوەدا نییە توڕە بیت کاتێک کەسێک شتێکی وت بە دڵت نەبێت، ژیری لەوەدایە وەڵامی کەسەکە بدەیتەوە بەجۆرێک هەست بە شەرمەزاربوون نەکات و لە هەمان کاتیشدا بزانێت کە هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامداوە).