وشەسازی چییە و تایبەتمەندییەکانی چین؟
وشەسازی لقێکی ڕێزمانە و یەکێکە لە لێکۆلینەوە زمانەوانیە وەسفییەکان و لەگەڵ پەیدابوونی قوتابخانەی ڕۆنانکاری سەری هەڵدا.
وشەسازی بەشێک لە توانستە زمانییەکان پێک دێنێت لە پاڵ زانستەکانی تر و لقێکە لە ڕێزمان و ئەو زانستەیە لە پێکهاتنی ناوەوەی وشە و پولێنکردنی مۆرفیمەکان و دەستنیشان کردنی پێکهاتە و ئەرکی دەکۆڵێتەوە، لەگەڵ ئەو یاسایانەی وشەی پێ دروست دەکرێت؛ دواتریش ڕێزکردن و ئەو گۆڕانکاریانەی بە هۆی ڕێزکردنەوە دێتە ئاراوە. لەم زانستەدا جەخت لە سەر ڕواڵەتی مۆرف و وشە دەکرێت.
بۆ لێکۆلینەوە وشەسازییەکان تاکو ئێستا چوار ڕێباز لە ئارادایە:
- شیکرنەوەی وشەسازی پشت بەستوو بە برگەی وشە.
- شیکرنەوەی وشەسازی پشت بەستوو بە ڕەگ و پێوانە.
- شیکرنەوەی وشەسازی پشت بەستوو بە قەد.
- بەکارهێنانی قەد و دەستوورە وشەسازی و ڕستەسازییەکان و تایبەتمەندی وشە.
- وشەسازی بە کات دوو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت:
- یەكەمیان باس لە ئێستای وشەکە دەکات لە ڕووی ئەرک و پێکهاتنەوە.
- دووەمیان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی لە دایکبوون گۆڕان و بەکارهێنانی وشەکە.
ئەركی وشەسازی
ئەركەكانی وشەسازی ئەمانەن:
- دەستنیشانکردنی کەرەستە خاوەکان، واتە پێکهاتەکانی وشەسازی.
- چۆنێتی ڕیزبوونی مۆرفەکان و لە سنووری ڕستە و گرێ.
- دەست نیشانکردنی مۆڕفەکان، واتە بەستنەوەی فنتۆلۆجی بە وشەسازی.
زمانی كوردی بەپێی مرۆفیم
زمانی کوردی نە بەتەواوی نووساوە و نە بە تەواوی تێکچڕژاوە؛ بەڵکو لە نێوان نووساو تێکچڕژاو دایە، هەروەک لەم ڕوونکردنەوانەی دابەشکردنی زمانەکان بە دیاردەکەوێت:
زمانە دابڕاوەکان
ئەم جۆرە زمانانە ژمارەی وشە و مۆرفیم بەرامبەرە، واتە هەر وشەیەک لە مۆرفیم پێک دێت، مۆرفیمەکانیان وشەی سەربەخۆ دابڕاون، گیرەکی ڕێزمانیان یان نییە یان کەمە، زمانی ژاپۆنی و چینی و ڤیتنامی باشترین نموونەی ئەم جۆرە زمانانەن. هەندێ لەم زمانانە دابراوی تەواوی نین، وەک زمانی ئینگلیزی کە تەنها (٧) گیرەکی ڕێزمانی هەیە.
The man is speaking English
(ing) گیرەکی ڕێزمانییە.
زمانە نووساوەکان
بە پێی ڕۆنان و تایبەتی وشە مۆرفییەکانی دیاری دەکرێت؛ خاوەنی وشەی چەند مۆرفیمین و ژمارەی مۆرف یەکسانە بە ژمارەی مۆرفیم، کە مۆرفیمەکان دەخرێنە سەریەک تا ڕادەیەک کاریگەری فۆنەتیکی لە ڕەگ ناکات، وەک:
رۆیشت: (رۆ + یش +ت +. ).
: (رەگ + ≠ + کاتی ڕابردوو + کەس)
زمانی کوردی نووساوێکی تەواو نییە > تورکی باشترین نموونەی ئەم جۆرەن وەک:
(El+ ler+ im+de ): Ellerimde
: (لە + م + کۆ دەست ): لە دەستەکانم
زمانە تێكڕژاوەکان
وشەکانی درێژ و ناسادەن و لە شێوەی ڕستەدان کە بریتین لە فرمان و ڕەگی فرمان، زمانی کوردی نموونەی لەم جۆرەی هەیە وەک:
هات: هەر وشەیە و هەم ڕستە: (ها+ ت + 0)
: ( ڕەگ + کات + کەس)
دەتانبینمەوە؛ (دە +تان +بین + م+ەوە)
: (بەردەوامی +بەرکار+رەگ+ بکەر +دووبارەبوونەوە).
زمانە ئەرکییەکان
ئەو زمانانەن کە ناوگریان زۆرە و کە لە زمانی کوردیدا نییە، وشەکانی ئەم زمانە ناسادە و درێژن و ئەرکە ڕێزمانییەکانیان بە هۆی ناوگرەوە دەبێت کە ڕەگ دەسمێت، عەرەبی و عیبری باشترین نموونەی ئەم جۆرە زمانەن.
زمانە ناوگرییەکان
لەم جۆرەی زمان پەنا دەبرێتە بە ئەدگارەکانی وشە، وشە پەیوەندییە وشەسازییەکان جێ بەجێ دەکات و وشەکان زیاتر لە مۆرفیمێکن، لاتینی و گریکی نموونەی ئەم جۆرە زمانەن.
وشەسازی و زانستەكانی تر
زانستی زمان زانستێکی تێکچڕژاوە، بەمەش وشەسازی تێکچڕژانی لە گەڵ زانستەکانی تری ناوەی زمان و دەرەوەی زمان دەبێت، زمان پێکدێت لە ڕوخسار و ناوەرۆک
لایەنی ڕوخسار (فۆنۆلۆجی و وشەسازی و ڕستەسازی دەگرێتەوە، لایەنی ناوەرۆکیش زانستەکانی وەک سیمانتیک و پراگماتیک و لێکسیکۆلۆجی دەگرێتەوە. بەمەش وشەسازی دەکەوێتە هەردوو بازنە، لە ڕێگای زانستی لێکسیکۆلۆجی و شێواز
وشەسازی و لێکسیکۆلۆجی
وشە دانەیەکی هاوبەشی وشەسازی و لێکسیکۆلۆجییە، هەردووکیان گرنگی بە وشە دەدەن و لێی دەکۆڵنەوە، بەڵام سنووری لێکۆلینەوەیان جیایە. وشەسازی زانستیکە لە شێوەی وشە و پێکهاتی ناوەوەی دەکۆڵێتەوە، بەڵآم لێکسیکۆلۆجی لە واتاو گەشەو گۆڕانی دەکۆڵیتەوە، لێرەدا دەتوانین بڵێین وشەسازی گرنگی بە ڕووخسار دەدات، بەڵام لێکسیکۆلۆجی گرنگی بە ناوەڕۆک(واتا) دەدات.
وشەسازی و شێواز
شێواز بریتییە لە هەڵبژاردنی وشە لە نێو وشەکان، ئەم هەڵبژاردنەش ئاخێوەر یان نووسەر پێی هەڵدەستێت، کە هەڵگری چەند سیمایەکی دیاریکراوە. شێواز زانستێکە گرنگی بە لایەنی ڕووخسار و ناوەرۆک دەدات، لایەنی وشەسازی جۆرێکە لە ڕوخساری زمان، کەواتە پەیوەندی هەیە لە نێوان وشەسازی و شێواز، ئەگەر شێواز وەک هەڵبژاردن و لادان و دارشتن سێر بکەین هەروەک زۆربەی شێوازگەرە نۆێیەکان وای بۆ دەچن، ئەوا هەموو هەڵبژاردەنەکانی زمان شێوازن و هەریەکەیان ئەرکێک یان زیاتری هەیە، بەم پێیە دەتوانین پێناسەی شێواز بە شێوەیەکی فراوان بکەین و بڵێین: شێواز کۆمەڵە ئەرکی شێوازی زمانی هەڵبژێردراوە لە کۆگای ڕێزمانی و فەرهەنگی و دەنگی و شێوەی زمان بە گشتی. لە شێوازدا وشەکان بە شێوەیەک دادەڕیژڕێن کە گونجاو بێت بۆ دەربڕین وەک:
-کوێر: نابینا
-سەقەت: کەم ئەندام
-درۆ: ناراست
وشەسازی و فۆنۆلۆجی
پەیوەندی وشەسازی و فۆنۆلۆجی زۆر بەتینە، چونکە مۆرفیم بەهۆی چەند فۆنیمێکەوە دەنوێنرێت؛ بە پێچەوانەشەوە فۆنیمێک یان چەند فۆنیمێک مۆرفیم دەنوێنن، جگە لەمەش دیاریدەی مۆرفۆفۆنیم پەیوەندییەکی هاوبەشە لە نێوان وشەسازی و فۆنۆلۆجی، چونکە زۆر مۆرفیمان هەیە کە لە شێوەی یەک فۆنیمن، ئەم فۆنیمانە لە ئاستی وشەسازی دا مۆرفیم دەنوێنن و پێی دەگوترێت مۆرفۆفۆنیم، وەک زۆربەی مۆرفیمەکانی کات و ڕاناوە لکاوەکان بۆ نموونە:
- من هاتـ م
- تۆ هاتـ ی
(م. ی ) هەم فۆنیمن لە ئاستی دەنگسازی و هەم مۆرفیمە لە ئاستی وشەسازی؛ ئەمەش پەیوەندییەکی تری نێوان وشەسازی و فۆنۆلۆجییە. سەرەرای ئەمانەش لە گەڵ لێکدانی مۆرفیمەکان لە سنووری لێکدراو و داڕێژراو و گرێ زۆر لە گۆڕانە فۆنۆلۆجییەکان ڕوودەدەن وەک: تووانەوە و دەرکەوتنی دەنگ و گۆرانی دەنگ. . . هتد
وشەسازی و ڕستەسازی
مۆرفیم دەورێکی سینتاکسی هەیە، کە لە ڕۆنانی ڕێزمانی گەورەتر وەک: وشە و گری و ڕستەدا دووبارە دەبێتەوە بەشداری پێکهاتنیان دەکات بۆ دوو ئەرک:
- ئەرکی گشتی: ئەرکی ئەرێ و نەرێ و مەرج. . . . هتد دەگرێتەوە.
- ئەرکی تایبەتی: ئەرکی بکەر و بەرکاری. . . . . هتد دەگرێتەوە.
ئەم پەیوەندیەی وشەسازی بە سینتاکسەوە دیاردەی مۆرفۆسینتاکسی هێنایە ئاراوە، کە ئاماژە بۆ ڕۆڵی سینتاکسی مۆرفیم دەکات وەک: پیاو +ەکە= پیاوەکە، (ەکە)ئ مۆرفۆسینتاکسە و ئەرکی ناساندن دەبینیت.
وشە وەک پردێک وایە دەنگسازی و ڕستەسازی بەیەکەوە گرێ دەدات، ڕستە لە وشە پێک دێت و زۆر لە پێناسەکانی ڕستە ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە دەکەن وەک:
-رستە ئەو ئاخاوتنەیە کە لە دوو وشە یان پتر پەیدا دەبێت مەبەستێک بەدەستەوە دەدات
- کۆمەلە وشەیەکە کە بە شێوەیەکی تایبەت ڕیز دەکرێت و هەموو پێکەوە واتایەکی تەواو دەبەخشن.
وشە پێکهاتنی ناوەوەی ڕستەیە، ئەگەر هەر ڕستەیەک شی بکەیتەوە بۆ پێکهێنەرەکانی ئەوا دەبینین وشە پێکهێنەرییەتی وەک ؛
- ئازاد+ نان + دەخوات
- بکەر+بەرکار+کار
وشەکان لە ڕستەدا بە پێی سیستەمێک ڕیز دەبن و گۆڕان لەم ڕیزکردنە گۆران لە واتا و ئەرکی ڕێزمان دەکات و شوێنی هەر وشەیەکیش دیاریکراوە لە ڕستە بۆ نموونە (ناو) دەشێ (بکەر) یان ( بەرکار) (تەواوکەر). . . هتد. بێت و (ئاوەڵناو) دوای ناو دێت. . . . هتد. زۆر دیاردە هەن لە بەر ڕێزمانی گۆڕان لە مۆرفیمەکان ڕوو دەدات وەک گۆرینی ڕەگ لە ئەنجامی گۆڕینی کات لە ڕابردوو و ڕانەبردوو.
وشەسازی و واتاسازی
یەکێ لە لایەنەکانی وشە واتایە بەو پێیەی وشە فۆرمێکی زمانە و واتا ناوڕۆکییەتی و بە هەردووکیان هێما دروست دەکەن؛ بە واتایەکی تر وشە بێ واتا نابێتە هێما، مۆرفیم بەوە پێناسە دەکرێت کە بچووکترین دانەی واتاداری زمانە و هەر گۆڕانێک لە پێکهاتەی وشەکان بکرێت، ئەوا کاریگەری بەسەر واتاوە هەیە، بۆ نموونە واتەی وشەی ( گوڵ ) جیایە لە وشەی ( گوڵان ) ئەمەش لەمەوە هاتووە کە فۆرمەکان زیاد بوونە. جا هەر گۆڕانکارییەک فۆرم ڕووبدات گۆران بە سەر واتاکەیدا دێنێت وەک.
گوڵ +ەک+ان = گوڵەکان.
لێرەدا واتای گوڵ گۆڕانکاری بەسەر هاتووە بۆتە گوڵێکی ناسراوی كۆ.
وشەکان لە ناو ڕستەدا بە پێی واتا یەکتر هەڵدەبژێرن بۆ نموونە کاری ( بینین ) لە گەڵ ( ناوی بەرجەستە ) بەکار دێت، بەڵام لە گەل ناوی واتایی بەکار نایەت وەک:
دارەکەم بینی.
تاریکیم بینی؟
پەیوەندییەکی تری وشەسازی بە واتاسازییەوە بواری واتایە؛ وشە یەکەیەکی پتەوە و بۆ هەڵوەشاندنەوە و ترازاندن نابێت و باوەری وایە واتای وشە لە ڕێگای ئەو پەیوەندیانەوە دێت کە وشەکە لە گەڵ وشەکانی تری زمان هەیەتی کە پێی دەوترێت Morpho-Semantic fields. وشەکان لە کاتی لێکدانیان لە سنووری ڕستە بەشێک لە واتاکەی خۆی ون دەکات و بەشێک لە واتا لە دوورووبەرە زمانییەکە، واتە واتا لە وشەکانی پێشتر و پاشتر وەردەگیرێت وەک:
پارەیەکی باش (باش) بە واتای زۆر دێت.
قوتابییەکی باش (باش) بە واتای زیرەک دێت.
سەرەرای ئەمانەش هەر مۆرفێک بخرێتە سەر وشەیەک یان مۆرفێکی سەربەخۆ یان لێی بکەینەوە ئەوا گۆران لە واتا ڕوودەدات وەک:
نا+ پاک = ناپاک
نا + ڕاست = ناڕاست (درۆ). ئەگەر (نا) لە ناراست بکرێتەوە دەبێتە پێچەوانەی (درۆ).
لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین زمان ( فۆرم) و (واتا) بە یەکەوە گرێدەدات و وشەسازی (دەنگ) و (رستە) لە پەیوەندیەکی هەرەمیدا
مۆرفیم و وشە
پێناسەی وشە
وشە جگە لە تایبەتمەندی دەنگی و ڕێزمانی و شێوازی و هونەری و گەیاندنیشی هەیە، وشە لای وەسفییەکان بە مۆرفیم بەستراوەتەوە پێی وایە مۆرفێکە یان زیاتر، لای ڕۆنانکارەکان بریتییە لە یەکەیەکی ڕستەسازی و هەردوو لاکەی وشە نە وەستان گیراوە، جگە لەمانە زمانەوانەکان پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ وشە کردووە وەک:
- بلۆمفێلد Bloom field: وشە بچووکترین پێکهاتەی واتادارە.
- ماثیسیوس Mathesius: بچووکترین یەکەی دەنگی بە یەکدا هاتوووە و پەیوەندی بە یەکترەوە نییە.
- ترنکا Trnka: یەکەیەکە دەتوانین لە ڕێگای فۆنیمێکەوە درکی پێبکەین و ئەرکێکی واتایی Seminatic هەیە.
- ستیڤن ئۆلمان؛ بچووکترین دانەی سەربەخۆی واتادارە.
- وشە پێکهاتەی بچووکی ڕێزمانە.
- وشە بچووکترین دانەیە لە شیکردنەوەی ڕێزمان.
- وشە یەکەیەکی بچووکی ڕێزمانە.
- وشە بچووکترین دانەی ڕێزمانە کە هەڵگری واتە بێت.
- وشە بچووکترین زنجیرەی دەنگی واتادارە.
پێوەرەكانی وشە
وشە چەند پێوەرێکی هەیە بریتین لە:
١-پێوەری واتایی: وشە واتادارە و لە سەر ئەم بنچینەیەش فەرهەنگ دروست بووە.
٢-پێوەری شێوە: وشە پێکهاتەیەکی دەنگی هەیە و لە کۆمەڵە فۆنیم پێک هاتووە پارێزگاری لە شێوە و جێگیری خۆی دەکات و کە دەچێتە سەر ڕستەکەش کاریگەری دەکاتە سەر وشەکانی تر و کاریگەریشی دەکەوێتە سەر.
٣-پێوانەی سیانە کە وشە پێک هاتووە لە دەنگ و واتا و ئەرک.
٤-پێوەری ڕێنووسی: وشە بەم پێوەرە زنجیرە پیتێکی دیاریکراوە، لە نووسیندا ئەم پێوەرە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی وشە، چوونکە زۆرجار قوتدانی دەنگ دێتە ئاراوە.
٥-پێوەری وەستاندی ئەگەری: وشە هەردوو لای بە وەستان دیاری دەکرێت دەشتواندرێت وەستان بکەین لە نێوان ئەم زنجیرە دەنگانە بە تایبەتی لێکدراوەکان وەک: سەرسپی، مەلاژن.
٦-پێوەری سەربەخۆ: سەربەخۆی وشە دەکاتە پێوەر واتە پەیوەندی بە یەکەکانی ترەوە نییە، هەر وەک بلۆمفێڵد دەڵێت؛بچووکترین پێکهاتەی ئازادە، بەمەش ڕاناوەکان یان مۆرفیمە یەک پیتییەکان بە وشە داناندرێت، چوونکە لکاون.
٧-پێوانەی فۆنۆلۆجی: لە هەندێ زماندا بە پێوانەی فۆنۆلۆجی وشە دەستنیشان دەکرێت؛ بۆ نموونە زمان هەیە هێز دەکەوێتە دوا برگەی وشەوە، وەک: (نووستن) ئەگەر هێز لە سەر دوا برگە بێت (چاوگە) و وشەیە و ئەگەر لە سەرەتا بێت ڕستەیە، بەڵام ناویزە زۆرە لە زمانی کوردیدا بۆ نموونە لە وشەکانی: بەڵام، چوونکە. . . هتد. هێز لە سەرەتایە. زمانی تورکی و هەنگاری بە سیستەمی Vowel Harmony لەم جۆرە زمانانەدا ڤاوڵی ڕەگ چ جۆر بێت پیشگر و پاشگریش بۆ سەر هەمان جۆر دائەنوێنن، واتە گۆرینی شێوەی ڤاوڵ گوێزانەوەیە لە وشەیەک بۆ وشەیەکی تر، بەمەش ناوێزەی زۆری تێدەکەوێت. هەموو ئەم پێوەرانە ناتوانن سنووری وشە بە تەواوی دیاریبکەن بۆیە پەنایان بردە بە دانەیەکی وردتر کە مۆرفیمە.
بەكارهێنانی وشە
وشە لە ڕووی بەکارهێنانەوە دەبێتە سێ جۆر؛
-وشەی دەنگی: ئەو یەکەیە لە فۆنتیم پێک هاتووە بۆ نموونە وشەی (چاوان) پێک هاتووە لە فۆنتیمەکانی ( چ، ا، و، ا، ن)
-وشەی ڕێزمانی: پەیوەستە بە وێنەی دەنگی واتە وشەی فۆنۆلۆجی لە ڕستەدا وەک: (گەستن) لە ڕانەبردوو دەبێ بە (دەگەزم).
-وشەی لێکسیکی: وشەیەکی ئەبستراکە و شێوەی جیاجیا وەردەگرێت بە گوێرەی گەردانکردنی وەک، نووست شێوەی تر وەردەگرێت (نووستم، دەنووسێت، بنوو. . . هتد)
جیاوازی نێوان وشە و مۆرفیم
مۆرفیم بۆی هەیە وشەیەک بێت و وشەش بۆی هەیە مۆرفیمیک یان زیاتر بێت، ئاشکرایە کە مۆرفیم بچووکترین پارچەی وشەی واتادارە، لێرەدا دەتوانین بڵێین هەموو وشەیەکی سادە مۆرفیمە، بەڵام هەموو مۆرفیمێک وشە نییە، چوونکە مۆرفیمە بەندەکان ناچنە خانەی وشە بەم پێیە پەیوەندی هەیە لە نێوان وشە و مۆرفیم، بە هەمان شێوەش جیاوازی هەیە:
-مۆرفیم کەرت ناکرێت، بەڵام وشە کەرت دەکڕێت.
-هەموو مۆرفیمێک وشە نییە، تەنها مۆرفیمە سەربەخۆکان وشەن.
-هەموو وشەیەک بەرامبەر یەک مۆرفیم نییە. وشە هەیە لە چەند مۆرفیمێک پێکهاتووە.