May 11, 2018 08:42 Asia/Tehran
  • لە تورکیا رێگری لە نوێنەری قەوارە سیاسییەکان دەکرێت بۆ دەنگدانی هەڵبژاردنی عێراق بچنە بنکەکانی دەنگدانەوە

لە ناو بنکەیەکی دەنگدان لە شاری ئیستەنبوڵ-ی تورکیا رێگری لە چاودێران و نوێنەری قەوارە سیاسییەکان کراوە، و دەنگدەرانیش بە قەڵەمی ئاسایی دەنگیانداوە نەوەک قەڵەمی ئەلیکترۆنی.

ماڵپەڕی"سۆمەرییە نیوز" لە زاری نوێنەری قەوارەیەکی سیاسی بڵاویکردوەتەوە، کە بنکەی دەنگدانی تایبەتی رەوەندی عێراقی لە تورکیا رێگری لە چوونە ژوورەوەی نوێنەری قەوارە سیاسییەکان و چاودێرانی پرۆسەی دەنگدان کردووە بۆ چوونە ژوورەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، دەنگدەران لە بنکەی دەنگدان لە نووسینگەی کادیکۆی لە ئیستەنبووڵ هەستاون بە دەنگدان لە قەڵەمی ئاسایی نەوەک قەڵەمی ئەلیکترۆنی، کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری کراوە بۆ دیاریکردنی قەوارە و کاندیدان لەسەر فۆرمی دەنگدان.

نوێنەری قەوارە سیاسییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لەو بنکەیە رێگری لە چاودێران و نوێنەری قەوارە سیاسییەکان کراوە لە چوونە ناو بنکەکە و چاودێریکردنی پرۆسەکە".

دوێنێ  کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق 494 بنکەی بۆ دەنگدانی تایبەتی بە هێزە ئەمنییەکان کردەوە کە ژمارەی وێستگەکان گەیشتە دوو هەزار 239 وێستگە، هەروەها ژمارەی دەندەرانی تایبەتیش بریتی بون لە 943 هەزار و 639 دەنگدەر.

هەروەها بنکەکانی دەنگدانی مەرجداریش ئەوانیش دەرگەیان کردەوە، بریتی بوون لە 75 بنکە بۆ ئاوارەکان لە 510 وێستگە و 25 بنکە بۆ زیندانیان و ژمارەی ئەوانەی ئەو جۆرە دەنگدانە دەیانگرێتەوە 26 هەزار 770 کەس بوون.

بڕیارە لە 12ی ئەم مانگە(سبەی شەممە) بە بەشداری زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆش دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو.

سەرپەیڤ