کڵیچدار ئۆغڵو: سیاسەتەکانی خۆسەپێنانەی ئەردوغان ھەرەسی بە تورکیا ھێناوە
کەمال کڵیچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی بەرھەڵستکاری کۆماریخوازی گەلی تورکیا رایگەیاندووە: سیاسەتەکانی خۆسەپێنانەی رەجەب تەیب ئەردوغان تورکیای گەیاندووەتە سەر لێواری هەرەس هێنان.
کڵیچدار ئۆغڵو لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی «یەنی چاغ»ی تورکیادا ڕایگەیاندووە: رەجەب تەیب ئەردوغان سیاسەتێکی ستەمکارانە پەیڕەو دەکات بەتایبەتی لەگەڵ رۆژنامەنووسان، لەبەر ئەوەی دەیەوێت کەس راستییەکان بۆ گەلی تورکیا نەگوازێتەوە.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا وتی: ئەردوغان دەستی گرتووە بەسەر دەزگای ئاسایشت و دەسەڵاتی دادوەریدا، بەهیچ جۆرێکیش بەزەیی بەو کەسانەدا نایەتەوە کە بەرپەرچی درۆکانی دەدەنەوە و راستییەکان بۆ گەل ئاشکرا دەکەن و بۆ ڕزگار بوون لەدەستیان هەرکەسێک بەرهەڵستی بکات دەیخاتە زیندانەوە.
سەرۆکی جەهەپە روونیشی کردەوە کە، ئەردوغان لەڕێگای دارودەستەکەیەوە دەست بۆ هەموو بوارەکان دەبات، لەبەر ئەوەی خۆی و زاوکەی، کە وەزیری داراییە بەشێوەیەکی ستەمکارانە حوکمڕانی وڵات دەکەن، بۆیە هیچ کەسێک نییە لەناوەوە و دەرەوەی تورکیا متمانەی بەو دووانە شکستخواردوو ستەمکارە هەبێت .