دەمیرتاش: بەڵگەی تاوانەکانی ئەردوغان ئاشکرا دەکەم
سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ڕایگەیاندووە: بەڵگەی تاوانەکانی ئەردوغانم لەلایەو ئاشکرا دەکەم.
سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، کە ماوەی سێ ساڵ و نیوە لەزینداندایە، لەڕێگای تویتێکەوە کە پارێزەرە تایبەتەکەی گواستوویەتییەوە هێرشی توندی کردووەتە سەر حکومەتی پارتی دادوگەشەو ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەردوغان سیستەمی دەستووری وڵاتی وێران کردووە لەشوێنی ئەوە سیستەمێکی تاکەکەسی سەرکوتکارانەی دامەزراندووە.
دەمیرتاش ڕاشیگەیاندووە: بەڵگە و دایکیۆمێنتی زۆری لەسەر پیلان و ناپاکیی ترسناکی دەوڵەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایە بەنیازە بڵاویان کاتەوە.
ناوبراو داواشی لەگەلی تورکیا کردووە کە نائومێد نەبن و بەرگری و ئازایەتی پیشان بدەن، لەبەر ئەوەی لەکۆتاییدا هەر چاکەکارییە کە سەردەکەوێت .
دەمیرتاش جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەوڵەتی ئەردۆغان دەسەڵاتی گشتی بەشێوەیەکی نایاسایی بەکارهێناوەو بەم پێیە واباشە سیاسییەکانی تورکیا بەشداریی تاوانەکانی ئەردۆغان نەکەن، لەبەر ئەوەی، کە رۆژی خۆی هات خەڵک بڕیاردەدات و یاسا کاری خۆی دەکات.
دەمیرتاش پێی داگرتووە کە، ئێمە لە تورکیادا ٨٣ ملیۆن کەسین کە دەبێت متمانەمان بەیەکتر بێت، دیموکراتییەتێکی بەهێز بنیاد بنێین و بەئاشتیانە بژین، هەرگیز ئومێد لەدەست نەدەن و بەرگری و ئازایەتی بنوێنن، چونکە لەکۆتاییدا هەرچاکەکاری سەر دەکەوێت.