ئاب 15, 2020 23:16 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: لە دەریای ناوەڕاست ناکشێینەوە و چالاکیمان لە دەریاکە مافی ڕەوای خۆمانە

سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ شەممە 15ی ئاب، ڕایگەیاند لە قەیرانی دەریای ناوەڕاست پاشەکشە ناکەن و پارێزگاری لە مافی خۆیان دەکەن، "ئەوانەی لە سەدەی ڕابردوودا نەیانهێشت بگەین بە سەرچاوەکانی وزە، ئێستا سەرکەوتوو نابن".

 

سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە چالاکییەکانیان لە دەریای ناوەڕاستدا "یاساییە" و پشتبەستووە بە یاساکانی دەریا و ڕێککەوتنەکان، هەروەها "بەرگری لە مافی خۆشمان دەکەین".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی هەموو ئەوانەی کە هەڕەشە لە چالاکییە تورکییەکان لە دەریاکە دەکەن، وتی، "لە بەرانبەر زمانی هەڕەشەدا پاشەکشە ناکەین...مافی خۆشمان لە دەریای ناوەڕاست و ئیجە تاوەکو کۆتایی دەپارێزین".

ئەردۆغان ئاماژەی بەو ڕێککەوتنانەی سەدەی بیست کرد، کە سنووری دەریایی و وشکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیاریکرد و وتی، "ئەوانەی 100 ساڵ لەمەوپێش لەڕێی سیاسەتێکی وردەوە، نەیانهێشت تورکیا بگات بە سەرچاوەکانی وزە، لەم قەیرانەی دەریای ناوەڕاستدا بۆیان ناچێتەسەر".

سەرۆککۆماری تورکیا ڕوونیشی کردەوە، "کەشتییەکانمان تاوەکوو 23ی ئاب، لە چالاکییەکانیان لە دەریای ناوەڕاست بەردەوام دەبن و سڵیش ناکەینەوە لە بەرپەرچدانەوەی هەر بێزارکردنێک".

ڕۆژی 6ی ئاب، یۆنان و میسر ڕێککەوتنێکیان واژووکرد بۆ دیاریکردنی زۆنێکی ئابووریی تایبەت لە دەریای نێوان هەردوو وڵاتەکە.

وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیکۆس دێندیاس لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە وتبووی، " تەواو دژی ئەو ڕێککەوتنە پووچ و نایاسایی و بێبنەمایەی تورکیا و حکومەتی ویفاقی لیبیایە".

ڕۆژی 13ی ئاب، یۆنان و فەرەنسا له‌ چوارچێوه‌ی هاریکاریی سه‌ربازیی هه‌میشه‌یی نێوانیاندا، مانۆڕێکی سه‌ربازیی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.ساڵی ڕابردوو، ئەنقەرە و تەڕابلووس یاداشتنامەیەکی لێکتێگەێشتنی و هاریکارییان واژووکرد، کە بەپێی ڕێککەوتنەکەیان، تورکیا دەتوانێت بچیتە ناو ئەو ناوچە ئاوییانەی لیبیاوە کە نەوت و گازی تێدایە.

سەرپەیڤ