پێشوازیی تورکیا لە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی شنگاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی ئیداری و ئەمنی شنگال رایگەیاند: لەبارەی "بەرەنگاربونەوەی تیرۆر" و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە عێراق ئامادەی پشتیوانی و ھەماھەنگین.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ھیوادارین ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت بەمەبەستی جێگرکردنی دەسەڵاتی فیدڕاڵی عێراق لە شنگال و ریشەکێشکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئاسانکاری بکرێت لە گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان و خەڵکی ناوچەکە بۆ سەر ماڵ و خاکی خۆیان کە روبەڕوی ستەم و گوشاری زۆر بونەتەوە".
ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردودا فڕۆکەکانی تورکیا دەیانجار هێرشی ئاسمانیان کردوەتە سەر شنگال و دەوروبەری کامپی قەزاکە بەبیانوی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
پێرێ 9 ی ئەم مانگە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بە ئامادەبونی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لەبارەی رێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی رەوشی قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا کۆبونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسان لە حکومەتی فیدراڵی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد.
نووسینگهى راگهیاندنى سهرۆک وهزیران له بهیانامهکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەکەدا کازمی جەختی لە تەواوکردنی رێکەوتنەکە لەسەر پرسی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال کردوەتەوە کە دەتوانێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەزاکە خێراتر و ئاسانتر بکات.