یۆنان شوورەیەکی ڕێگر لە نێوان ئەم وڵاتەو تورکیا ھەڵدەچنێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/تورکیا-i388089-یۆنان_شوورەیەکی_ڕێگر_لە_نێوان_ئەم_وڵاتەو_تورکیا_ھەڵدەچنێت
حکومەتى یۆنان ڕایگەیاندووە: بەستێنی بۆ ڕاپەڕاندنی پلانی درێژکردنەوەى دیوارە سنورییەکەى لەگەڵ تورکیا خۆش کردووە و بەمزوانە دەست بە کارکردن دەکەن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 20, 2020 17:52 Asia/Tehran
  • یۆنان شوورەیەکی ڕێگر لە نێوان ئەم وڵاتەو تورکیا ھەڵدەچنێت

حکومەتى یۆنان ڕایگەیاندووە: بەستێنی بۆ ڕاپەڕاندنی پلانی درێژکردنەوەى دیوارە سنورییەکەى لەگەڵ تورکیا خۆش کردووە و بەمزوانە دەست بە کارکردن دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئاسۆشەیتێد پرێس، حکومەتى یۆنان ڕایگەیاند: بۆ ڕێگری لە ھرووژمی کۆچبەران پلانی درێژکردنەوەى دیوارە سنورییەکەى لەگەڵ تورکیا قۆناغی ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و بەمزوانە دەست بە کارکردن دەکەن.

«ستیلیۆس پێتاساس» وتەبێژی حکومەتى یۆنان جەختی کردووە: ٢٦ کیلۆمەتری تر  بۆ ئەو دیوارە ١٠ کیلۆمەترییە زیاد دەکرێت کە لە سنورەکانی باکورەوە لەگەڵ تورکیا دروستکراوە، بودجەى پڕۆژەکە ٧٤ ملیۆن دۆلارە و وا بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو تەواو بکرێت.

دروستکردنی ئەو دیوارە یەکێکە لە ڕێکارەکانی حکومەتى یۆنان بۆ ڕێگریکردن لە ھرووژمی  کۆچبەران، بە تایبەت کە لە ئازاری ئەمساڵدا جارێکی تر تورکیا دەرگای بە ڕووی کۆچبەراندا کردەوە بۆ ئەوەى خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

چوار گەورە کۆمپانیای یۆنانی دەستنیشان کراون بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە کە بە بۆریی ئاسنین و کۆنکرێت و  تەلدڕوو دروست دەکرێت لە نزیک ڕووباری «ئیڤرۆس» لە نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان.

شەممەى ڕابردوو «کاریاکاس میتسۆتاکیس» سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی سنورەکانی باکوری وڵاتەکەی کرد بە مەبەستی ئاگاداربوون لەدوایین کار و ئامادەکارییەکان لەمەڕ دروست کردنی دیوارەکە.