فەڕەنسە باڵیۆزەکەی لە تورکیا بانگکردەوە
باڵیۆزی فەڕەنسا لە تورکیا، بەمەبەستی ڕاوێژکردن، بانگھێشتی وڵاتەکەی کرایەوە، ئەوەش پاش وتە توندەکەی ئەردۆغان دێت کە دژی ماکرۆن کردی.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی لە کۆشکی ئیلیزێ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لێدوانەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، "مایەی قبوڵ نییە".
ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە کە ھەرڤی ماگرۆ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە تورکیا، بەمەبەستی ڕاوێژکردن بانگھێشتی فەڕەنسا کراوەتەوە.
ئەردۆغان دوێنێ شەممە 24ی تشرینی یەکەم ڕەخنەی لە فەڕەنسا گرت و گوتی، " ئەو کەسەی پێیی دەوترێت ماکرۆن چ کێشەیەکی لەگەڵ ئیسلام ھەیە؟ چی کێشەیەکی لەگەڵ موسڵمانان ھەیە؟، ماکرۆن پێویستی بە پشکنینی عەقڵی ھەیە، چونکە چۆن سەرۆکی دەوڵەتێک بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ملیۆنان لە پەیرەوانی ئاینی جیاواز (موسڵمانان) لە وڵاتەکەیدا، دەکات، دوای یەک ساڵ ھەڵبژاردن ھەیە، چارەنوسی ماکرۆن لە ھەڵبژاردنەکان دەبینین، پێموایە کۆتاییهاتنی نزیکە".
داکۆکی کردنی سەرۆکی فەڕەنسە لە کاریکاتێری بێ ڕێزی کەرانە بە پەیامبەری ئیسلام (دخ) ، رووبەڕووی ئیدانەکردنی بەرفراوان لە نێوان موسوڵمانان بوووەتەوە .