کانونی یه‌که‌م 11, 2020 00:22 Asia/Tehran
  • جەختی ئێران و تورکیا لە سەر کارا کرانی کارگروپی ھاوبەشی ئاسایشتی

یاریدەری وەزیری نێوخۆی ئێران و جێگری وەزارەتی نێوخۆی تورکیا لە سەر کارا کرانی کارگروپی ھاوبەشی ئاسایشتیی تاران و ئانکارا پێیان داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ئیرنا، «حسەین زوڵفەقاڕی» یاریدەری ئاسایشتی و ئینتیزامیی وەزیری نێوخۆی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ «موحتەرەم ئینجە» جێگری وەزارەتی نێوخۆی تورکیا ، وێڕای ستایشی ھەڵوێستی ئەرێنیی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لەمەڕ ئیدانەکردنی  تیرۆری «شەھید موحسین فەخری زادە» زانای ھەڵکەوتەی بواری ناڤۆکیی و بەرەڤانیی ئێران، وتیشی: بەداخەوە ئەمڕۆکە ڕیشەی تەواوی بشێوی و گرفتەکانی ناوچەکە لە پەلەقاژەکانی دەوڵەتی موستەکبیری ئەمریکاو ڕژێمی ساختەی زایونییەوە  سەرچاوە دەگرێ.

یاریدەری ئاسایشتی و ئینتیزامیی وەزیری نێوخۆی ئێران ھەروەھا بە دەربڕینی ئەمەی کە بەردەوام جم و جوڵە تیرۆریستییەکان چ لەنێوخۆو چ لەلەوبەری سنوورەکانی ئێرانەوە ھێڵی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەو ھەشە، لە سەر پەرە پێ دانی ھەنگاوی دژی تیرۆریستی لە سنوور ھاوبەشەکانی نێوان ئێران و تورکیا پێی داگرت.

«زوڵفەقاڕی» داوای وردبوونەوەی زیاتری دەوڵەتی تورکیای کرد بۆ کۆنترۆڵ و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ قاچاخچییەکانی چەک و چۆڵ و ئەو دەستە نھێنیانەی کە سێرەیان بۆ ئاسایشتی ناوچەکە گرتووە.

«موحتەرەم ئینجە» جێگری وەزارەتی نێوخۆی تورکیاش وێڕای ڕاگەیاندنی ئەوپەڕی سەرەخۆشیی وەزارەتی نێوخۆی وڵاتەکەی لە بەر ڕووداوی تیرۆریستی شەھید کردنی «موحسین فەخری زادە»، ھەروەھا ڕووداوی لافاوی ئەم دواییە لە باشووری ئێران و گیان سپاردنی شارومەندانی ئێرانی لە بەر نەخۆشیی «کۆڤیدی_١٩» ، لە ھەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی خەباتی دژی ھۆکارانی تێکدانی ئاسایشت و گروپەکانی تاوانکاریی گەڵاڵە بۆکراوو تیرۆریستی ڕێزی گرت.

«موحتەرەم ئینجە» جێگری وەزارەتی نێوخۆی کۆماری تورکیا ھەروەھا کارا کرانی کارگروپی ھاوبەشی ئاسایشتیی تاران و ئانکارای بە ھۆکاری ھاواھەنگیی زیاترو گۆڕینەوەی زانیاری و ئەزمون لە بوارەکانی دیکەی ھاوکاریی ھاوبەش زانی.

 

 

سەرپەیڤ