کانونی دوھەم 03, 2021 12:08 Asia/Tehran
  • ھەوڵی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەدەپە

ئەکەپەو مەهەپە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەدەپە و قەدەغەکردنى ئەو پارتە لە تورکیادا.

 

بە پێی راپۆرێک کە میدیای شارپرێس بڵاویکردووەتەوە ، هاوپەیمانییەتییەکەی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی نەتەوە پەرستی تورکیا بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی، خەریکی ئامادەسازین بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی ئاشتى و دیموکراتى گەلان(هەدەپە)ی ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەم مەبەستەش پەنا بۆ بەندی 68 ی دەستوری تورکیا دەبەن کە بەدەق دەڵێن: "ناکرێت پشتیوانی لەو حزبە سیاسییانە بکرێت کە هانی ئەنجامدانی تاوانکاری دەدەن".

پێگەی ئەلەکترۆنی (جمهوریەتی) تورکی ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە هەنگاوەکەی دوو پارتە سیاسییە فەرمانڕەواکەی تورکیا کە لە ئێستادا ئامادەسازی بۆ دەکەن، لەوانەیە ببێتە هۆی بێبەشبوونی هەدەپە لەو یارمەتییانەی لە بودجەی دەوڵەت وەریدەگرن.

هەر بە گوێرەی پێگەی ئەلەکترۆنی ناوبراو،  پێشتر دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانەکەی ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە هەدەپە هەڵبوەشێتەوە، پێشتریش ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بە هەمان مەبەست و نیازی باخچەلی کردووە، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە نیازیان هەیە هەدەپە سزا بدەن، لەژێر پەردەشەوە دەمێکە هەردوو حزبە تورکییەکە کار بۆ ئەو ئامانجەیان دەکەن.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پێگە ئەلەکترۆنییە تورکییەکە کەوتووە، لە یەکەم هەنگاودا پارتە کوردییەکە بێبەش دەکەن لە یارمەتییەکانی گەنجینەی دەوڵەت، لە کاتێکدا بە گوێرەی بودجەی ساڵی 2021 ی تورکیا، پارتە کوردییەکە گوژمەی 57 ملیۆن و 550 هەزار لیرەی تورکی بۆ تەرخان کراوە، واش بڕیارە لە مانگی یەنایەری ئەمساڵ ئەو بڕە پارانەی بۆ حزبەکان تەرخان کراوە لە هەژماری بانکییتایبەت بە خۆیان دابنرێت.

پارتەکەی ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەکرێت بە گوێرەی دەستور  هەدەپە هەڵبوەشێتەوە، بەو پێیەی ئەو پارتە کوردییە هانی توندوتیژی و تاوانکاری دەداوە. تۆمەتی ئەوەشیان داوەتە پاڵ پارتە کوردییەکە کە ئەندامەکانی ئامادەی ڕێوڕەسمی ناشتنی چەکدارە تیرۆرستەکان بوون و پشتیوانیشیان لە کار و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە، هەموو ئەمانەش لە دیدگای ئەوانەوە پێچەوانەی دەستوری تورکیایە.

سەرپەیڤ