کانونی دوھەم 10, 2021 15:06 Asia/Tehran
  • سوپای تورکیا چەند گوندێکی دەوروبەری ئامەدی گەمارۆداوە

دوای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و ھێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوری شارۆچکەی لجێی سەر بە پارێزگای ئامەدی تورکیا، چەند گوندێک لەو ناوچەیە لەلایەن سوپاوە گەمارۆ دراون.

 

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا کە لە ناوچەی نێوان گوندەکانی چاغداش، دیبەک، ئارکلی و باغڵان لە سنوری شارۆچکەی لجێ دەستیپێکردبوو، بەردەوامە. دوای شەڕ و پێکدادانەکەی دوێنێ شەممە کە بەهۆیەوە سەربازێک کوژراو و 2-ی دیکەش برینداربوون، سوپای تورکیا ئەو گوندانەی گەمارۆداون.    

بەگوێرەی زانیارییەکان رێگاکانی چون و هاتن بۆ ئەو گوندانە لەلایەن سەربازەکانەوە گیراون و رێگەنادرێ کەس لە ماڵی خۆی بچێتە دەرەوە.  وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژی شەممە 9ی کانونی دوەمی 2021 رایگەیاند، لە پێکدادانێکی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا لە سنوری شارۆچکەی لجێ، جەندرمەیەک کوژراوە و 2 ی دیکەش بریندارن.

تاوەکو ئێستا میدیای نزیک لە پەکەکە هیچ رونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە.

 

سەرپەیڤ