ئادار 22, 2021 16:57 Asia/Tehran
  • ھەڵوێستی سەلاحەدین دەمیرتاش لە سەر داوای داخستنی هەدەپە

هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، بەرزکردنەوەی داواکاری بۆ داخستنی هەدەپە هەوڵێکی دیکەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)یە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا "ئێمە سەرجەم هەوڵەکان شکست پێدەهێنین کە لەرێگەی ستەمکاریی و بەناوی یاسا و هەڵبژاردنەوە لێمان دەکرێت".

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەرێگەی پارێزەرەکانییەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەنوسانی داوەتەوە و باسی لەوەکردوە، داواکاری گشتی تورکیا تائێستا رێکاری بەرامبەر 687  سەرکردەی هەدەپە گرتوەتەبەر بۆ قەدەغەی چالاکی سیاسی بەرامبەریان، بەڵام سەرجەمی ئەو هەوڵانە ناتوانن رێگری بکەن لەوەی خەبات لەپێناوی دیموکراسی و بەرنامەکانیان رابگرن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە  لەسەر داهاتووی هەدەپە سەرکردەکانی ئێستای ئەو پارتە بڕیاردەدەن، بەڵام دڵنیایە ئەوان هەنگاوی پێویست بۆ گەرەنتیکردن و پاراستنی ئیرادەی گەل و مافی نوێنەرایەتیکردنی دەگرنەبەر و لەکۆتاییدا ئەو ئاستەنگیانەش تێدەپەڕێنن.

دەمیرتاش ساڵی 2007 لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکو نوێنەری پارێزگای ئامەد بووەتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لەدوای قەدەغەکردنی دەتەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، ساڵی 2010 بووەتە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، دواتر بووە بەھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، لە 4ی تشرینی یەکەمی 2016، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکراو تاوەکو ئێستاش لە زینداندایە.

سەرپەیڤ