نیسان 03, 2021 18:29 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتارێکی ھەدەپە  لە ئانکارا دەستگیرکرا

پەرلەمانتارێکی ھەدەپە، کە بەھۆی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی سزای زیندانییەوە پارێزبەندی لێسەندرابووەوە، لە ئەنقەرە دەستگیرکرا.

 

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) لە کۆبوونەوەی 17ی ئازاری ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمان، لەدوای خوێندنەوەی یادداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سەبارەت بە دەرچوونی بڕیاری کۆتایی سزای زیندانی، پارێزبەندی لێسەندرایەوە و دواتریش فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.

دوای بڕیارەکەش دوێنێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نێو ماڵەکەیدا لە ئەنقەرە ئەو پەرلەمانتارە دەستگیرکرا.

ساڵح عومەر، کوڕی ئەو پەرلەمانتارە لە تویتەرەوە بڵاویکردەوە کە باوکی دەستگیرکراوە و وتی، “ڕێگەیان نەداوە تەنانەت پێڵاوەکانی لەپێبکات”.

دەستگیرکردنەکەی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، دادگای دەستوریی تورکیا لەکاتێکی پێشتردا ڕەتیکردەوە پێداچوونەوە بە داواکارییەکەیدا بکات کە دژ بە بڕیاری لابردنی پارێزبەندییەکەی پێشکەشیکردبوو، لەکاتێکدا ئەو تۆمەتەی ئاراستەی کراوە بەهۆی پۆستێکەوەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە.

لەدوای ئەو ڕەتکردنەوەیەش عومەر فاروق سووربوونی خۆی لەسەر بەرزکردنەوەی دۆسیەکەی بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە بارەگاکەی لە ستراسبۆرگ-ی فەڕەنسایە، دوپاتکردەوە، وەک ئەوەی لە تویتێکدا بەر لە دەستگیرکردنەکەی ئاماژەی پێدا.

سەرپەیڤ