تورکیا له‌باره‌ى مه‌خمورو شنگاله‌وه هه‌ڕه‌شه ده‌کات
وه‌زیرى به‌رگرى تورکیا له‌باره‌ى شنگال‌و مه‌خموره‌وه هه‌ڕه‌شه ده‌کات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، وڵاتەکەی چاوەڕێی ئەوە دەکات عێراقییەکان ئەوەی پێویستبێت بۆ دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەشنگال‌و مەخمور ئەنجامیبدەن، ده‌شڵێت:"متمانەمان بەعێراقییەکانە".
ەگوێرەی ھەواڵدەریی "ئەنادۆڵ"ی تورکی، خڵوسى ئاکار وه‌زیرى به‌رگرى تورکیا لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای تورکیا و فەرماندەی ئەو یەکانەی لەدەرەوەی سنور کاردەکەن کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لەناوەندی پرۆسەکانی فیرقەی پیادە لەشرناخ لەباکوری کوردستان بەڕێوەچووە، ئەو لێدوانەی داوە.
ئاکار وتویه‌تى تاوەکوو لەناوبردنی دوایین گەریلای پەکەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ وڵاتەکەیان لەپرۆسە سەربازییەکانیان بۆسەر ئەو هێزە بەردەوامدەبن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای تورکیا لەنزیکەوە چاودێری جموجۆڵەکانی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت لەشنگال‌و مەخمور.
وەزیری بەرگری تورکیا ئەوەشی وتوە، "متمانەمان بەعێراقییەکانە بۆ لەناوبردنی چەکدارانی پەکەکە لەشنگال‌و مەخمور، ئەوەی پێویستبێت ئەنجامیبدەن، ئێمه‌ش وه‌کو تورکیا ئاماده‌ین هاوکاریی عێراقیه‌کان بکه‌ین".
ڕۆژی 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و وحکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنێکیان ڕاگەیاند بەمەبەستى ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال، کەبەپێی ئەوە بەرپرسیارێتی ئەمنیی شارەکە بەپۆلیسی فیدراڵی دەسپێردرێت‌و سەرجەم گروپە چەکدارییەکان لەشارەکە دەچنە دەرەوە، بەڵام تائێستا ئەو ڕێککەوتنە جیێەجێنەکراوە.