May 31, 2021 20:25 Asia/Tehran
  • سوپای تورکیا دارودرەختی ناوچە کوردیەکانی تورکیاش دەبڕێتەوە

دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەک لەبارەی بڕینەوەی دارەکان لە سنوری هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردیەکانی تورکیا لەلایەن سوپای تورکیاوە، پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەڵێت، سوپای تورکیا ماوەیەکی زۆرە لە چیای جودی دارەکان دەبڕێتەوە.

لە سەر بڕینەوەی دارەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە، حوسەین کاچماز پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە ڕایگەیاندووە، “سوپای تورکیا ڕۆژانە 400 تۆن درەخت لە چیای جودی دەبڕێتەوە و دەیگوازێتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە ڕاشیگەیاندووە، “بەڵگەی پێویستمان لایە، کە 30 تراکتۆر و نزیکەی 70 کرێکار بۆ پڕۆسەی بڕینەوە و گواستنەوەی درەختەکان دانراون، سەرقاڵی وێرانکردنی ژینگەی ناوچەکەن”.

چیای جودی لە سلۆپی-ی باکووری کوردستانەوە، تا ناحیەی باتیڤا لە سنوری زاخۆ لەھەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە، ناوچەیەکی سەوزە بە درەختی سروشتی، بەڵام چەندین ساڵە بەهۆی شەڕەوە سوپای تورکیا دەستی لەو ڕووبەرە سەوزە نەپاراستووە.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەند وێنەیەک بڵاوکرانەوە و بەسترانەوە بە بڕینەوەی درەختەکان لە سنورەکانی هەرێم لەلایەن تورکیاوە، بەهۆی ڕاکێشانی ڕێگاش لە ناوچە کوردیەکانی تورکیا بۆ سنورەکانی هەرێم، درەختێکی زۆر لەلایەن سوپای تورکیاوە بڕاونەتەوە.

سەرپەیڤ