هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان: گۆڕەپانەکە بۆ مافیاو چەتەکان چۆڵ ناکەین
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لە ھەڵوێستێکدا پەیوەست بە ورووژاندنەوەی دۆسیەی داخستنی «ھەدەپە» ڕایگەیاند: ئەو دۆسیەیەی بۆ داخستنی هەدەپە کراوەتەوە بەھێزترمان دەکات و قەت گۆڕەپانەکە بۆ مافیا و چەتەکان چۆڵ ناکەین.
دوابەدوای ڕەت کرانەوەی دووھەمین جاری دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان«ھەدەپە» لە لایەن دادگای بنەڕەتیی تورکیا لە بەر نوقسان بوونی بەڵگەکانی، ڕۆژی سێ شەممە جارێکی دیکە داواکاری گشتیی دادگای باڵای تورکیا ئەم بابەتەی بە بوختانی خۆی وتەنی «پشتیوانی کردنی ھەدەپە لە تیرۆر» بووژاندەوە ھەر لەم پەیوەندییەدا «پەروین بوڵدان» هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ش لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە کە، هەرکاتێک دەسەڵات دۆسیەیەکی چەپەڵی لێ ئاشکرادەبێت، ھەمیسان داخستنی «هەدەپە» و دژایەتیکردکردنی کورد دەخەنەوە ناو ڕای گشتی تورکیا، بەڵام با بزانن هەوڵی داخستنی پارتەکەیان ھیچی لێ ناوەشێتەوەو بەردەوام بژاردەی دیکەی دیموکراسییان پێیە.
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە بۆ فراکسیۆنی پارتەکەی لەپەرلەمانی تورکیا قسەی دەکرد جەختی لەوەش کردەوە کە، ئەو دۆسیەیەی بۆ داخستنی هەدەپە کردویانەتەوە، بە ھیچ ئەنجامێک ناگات و بە دڵنیاییەوە «هەدەپە» گەورەتر و بەهێزتر دەکات، با هیچ کەسێک گومانی لەمە نەبێت کە تێکۆشانمان گەورەتر دەبێت.
«پەروین بوڵدان» ئاماژەی بەوەش کرد کە، دڵنیا بن گۆڕەپانەکە بۆ مافیا و چەتەکان چۆڵناکەین. با دەسەڵات بیر لە ئەنجامی هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە بکاتەوە، نەک ئێمە. با هیچ کەسێک نیگەران نەبێت، ئێمە دەزانین چی دەکەین و بژاردەی دیموکراسیمان هەمیشە هەیە.