کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ: سەرکردەکانی تورکیا حەرام خۆرن
کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا لە ھەڵوێستێکدا کە توڕە بوون و سکاڵابەرزکردنەوەی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان»ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەشی لێ کەوتووەتەوە، ڕایگەیاندووە: تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین رێژەی سپیکردنەوەی پارەی تێدا ڕوودەدات و دەسەڵاتدارانی تورکیا ھەموو شتێکیان پێ قەبوڵ دەکرێت و باکیان لە حەرام خواردن نیە.
«رەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا داوایەکی یاسایی دژی «کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ» سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا واتە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکەی ئەم وڵاتە بەرزکردووەتەوە. لەم پەیوەندیەدا میدیاکانی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند:«رەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا بەتۆمەتی پێشێلکردنی مافی تایبەتی، داوایەکی یاسایی لەدژی«کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ» سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا واتە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکەی ئەم وڵاتە بەرزکردووەتەوە.
لەوبارەیەوە «سی ئێن ئێن»ی تورکیاش لەزاری پارێزەری تایبەتی سەرۆک کۆماری تورکیاوە وای بڵاو کردووەتەوە کە «کلیچدارئۆغڵۆ» وشەی زبرو بریندارکەری لەدژی ئەردوغان بەکار ھێناوەو مافە تایبەتی و تاکەکەسیەکانی پێشێل کردووە.
«کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ» سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا لەمیانی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی رایگەیاندووە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین رێژەی سپیکردنەوەی پارەی تێدا ڕوودەدات و تائێستا شەرمەزاریی وا لەمێژوی تورکیادا روی نەداوە. لەبارەی سەرکردەکانی تورکیاشەوە، ئەو سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنە رایگەیاندووە، دەرمان، ماددەی هۆشبەر، قومارکردن و تەنانەت بازرگانیکردن بەژنانەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە جێگای قەبوڵە، ئەوانە هەموو شتێک وەردەگرن و حەرامیش دەخۆن.