ته‌مووز 23, 2021 14:20 Asia/Tehran
  • خەڵاتێک بۆ داکۆکیکاری گەلانی ژێر ھەڕەشەی تورکیا

«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە» لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئەو نەتەوانەی لەژێر هەڕەشەدان، مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن شارەوانیی «ڤایمەر»ی ئەڵمانیاوە خەڵات دەکرێت.

شارەوانیی شاری «ڤایمەر»ی ئەڵمانیا لەراگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی ئەو نەتەوانەی لەژێر هەڕەشەدان خەڵاتی ئەمساڵی داکۆکیکردن لەمافەکانی مرۆڤی بەخشیوە بە «سەلاحەدین دەمیرتاش»  هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە»، چونکە ناوبراو هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خۆی  بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی تورکیا بەرێگەی ئاشتی بەکار ھێناوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، «دەمیرتاش» داکۆکی لە دیموکراسیی، ئازادی، مافەکانی کورد، ئاشوری، ئەرمەنییەکانی تورکیا کردوەو  داوای خوێندن بەزمانی دایکی کردوە.

بەسەرنجدانی ئەوەی کە لەئێستادا هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە» لەزینداندایە، شارەوانیی «ڤایمەر» داوا دەکات کەسێک بەنوێنەرایەتیی لە لایەن «سەلاحەدین دەمیرتاش»ەوە خەڵاتەکە وەربگرێت.

لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦وە «فیگەن یوکسەکداغ‌»و «سەڵاحەدین دەمیرتاش‌»و ژماره‌یه‌ک پەرلەمانتاری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان«هه‌ده‌په‌» ده‌ستگیرکران‌ و ھەتائێستاش له‌ زینداندان.

سەرپەیڤ