ئاب 07, 2021 14:36 Asia/Tehran
  • پۆلیسى تورکیا بەکوشتنی سەدان پەنابەری سوری تۆمەتباردەکرێت

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بەدیکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی باکوری سوریا، لەماوەی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا لەساڵی 2011وه‌ تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ، پۆلیسی سنورو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەسەدان هاوڵاتی سوریان لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بەناو خاکی تورکیا کوشتووە.

 

ناوەندەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت:"ژمارەی ئەو سوریانەی لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا لەساڵی 2011 تاوەکو کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ بەدەستی پۆلیسی سنورو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراون بۆ 501 کەس بەرزبۆتەوە کە لەو ژمارەیە 95 منداڵ‌و 67یشیان ژن بوون".

باس لەوەشکراوە، جگە لەوکەسانەی بەتەقەی سەربازو پۆلیسی تورکیا کوژراون، 729 کەسیش لەکاتی خۆدەربازکردنیان لەشەڕی ناوخۆو هەوڵدان بۆ گەیشتن بەناو خاکی تورکیا یان خەڵکی ناو گوندو ئاواییەکانی سەر سنوور بەدەستی ئەو هێزانە بریندارکراون‌و بەئەنقەست تەقەیان لێکراوە.

ناوەندە سورییەکە دەڵێت:"تورکیا نەوەک هەر لەسەر ئاستی سیاسیی‌و سەربازیی سورییەکانی دەستخەڕۆ کردوە، بەڵکو لەسەر ئاستی مرۆییش ڕۆڵێکی نەرێنی گێڕاوە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە خۆی کردۆتە لایەنێک لەشەڕی ناوخۆی سوریاو لەڕێگای کردنەوەی سنورو پێدانی چەک‌و پشتیوانی داراییەوە هاوکاری دەیان گروپی توندڕەوی کردوەو ئاگری شەڕی ناوخۆی سوریای خۆشتر کردوە، جگەلەوەی ئەو کۆمەک‌و هاوکارییە مرۆییانەی لەڕێگای نەتەوەیەکگرتوەکان‌و یەکێتیی ئەوروپاو ئەمریکاوە ڕەوانەی ئاوارەو پەنەبارە سورییەکان دەکرێت، لەلایەن تورکیاوە دەستی بەسەردادەگیرێت‌و بەشێکی کەم نەبێت ناگاتە دەستی سورییەکان.لەکۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تورکیا لەڕێگه‌ی کۆمەڵێک ڕێککەوتنی ژێربەژێرو گوماناویی لەسەر هەریەک لەئێران‌و ڕوسیا، وایکردوە، هەزاران سوری لەو ناوچانەی پێیاندەوترێت ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، ماڵ‌و حاڵی خۆیان جێبهێڵن‌و لەدۆخێکی کولەمەرگیدا ژیان بەڕێبکەن، تەنانەت بەشێکیان لەپێناو ژیانی ماڵ‌و منداڵەکانیان بەناچاری بونەتە چەکداری سەر بەگروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئەنکەرەو هەر ڕۆژەی وەک بەکرێگیراو ڕەوانەی وڵاتێک دەکرێن.

سەرپەیڤ