نامەی هاوسەرۆکەکانی هەدەپە بۆ یەکێتیی ئەورووپا: ئەورووپا لەجیاتی تەقەکردن پشتگیریی پەنابەران بکات
هەر دوو هاوسەرۆکی هەدەپە لە نامەیێکدا داوایان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە لە جیاتی تەقەکردن لە پەنابەرانی کوردی سنووری بیلاڕووس و پۆلۆنیا، پشتگیریی ئەو پەنابەرانە بکەن.
پەروین بۆڵدان و میدحەت سەنجەر دوو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان نامەیێکیان بۆ جۆزێڤ بورێڵ نوێنەری باڵای پێوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا نووسیوە و تێیدا داوایان لە ئەورووپا کردووە پشتگیریی پەنابەران و ئەو کەسانە بکەن کە پێویستیان بە یارمەتییە و لە سنووری بیلاڕووس و پۆلۆنیا گرفتار بوون.
هاوسەرۆکەکانی هەدەپە لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بە ڕووبەڕوووبوونەوەی وڵاتانی ئەورووپی بە چەک و تفەنگ بەرامبەر پەنابەران کردووە و بابەتەکەیان شەرمەزار کردووە و دەڵێن: یەکێتیی ئەورووپا ئەرکی سەرشانیەتی کە بیسەلمێنێ بەها مرۆڤایەتییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە تەنها دروشم و قسە نیە. هیچ جیاوازی نیە کە مەنزڵ و ئامانجی پەنابەران کامە وڵاتە، نابێ لە هیچ حاڵەتێکدا ئەو پەنابەرانە بێ نان و ئاو بن.