پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر سزادانی هاوسەری دەمیرتاش هاتە دەنگ
پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر سزادانی هاوسەری دەمیرتاش هاتە دەنگ
دادگایەکی تورکیا بەتۆمەتی ساختەکردنی ڕاپۆرتی پزیشکیی، سزای دوو ساڵو نیو زیندانیکردنی بەسەر باشاک دەمیرتاشی هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی "هەدەپە"دا سەپاند.
ڕۆژنامەی "جمهورییەت"ی تورکی لەزاری پارێزەرانی باشاک دەمیرتاشی (44) ساڵهوه گواستویەتیەوە کە لەبەیاننامەیەکدا وتویانە، دادگا ئەو بڕیارەی بەهۆی بونی بەروارێکی ناڕاست لەڕاپۆرتێکی پزیشکیی دەرکردوە کە لەساڵی 2015 لەشارى ئامهد دەرچووە.
ناچۆ سانشیس ئامور بڕیاردەری پەڕلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا لەتویتێکدا نوسیویهتى:"ئەو حوکمەی دەرحەق بەهاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش دراوە پێدەچێت بەپاڵنەری سیاسیی دەرکرابێت".
ڕۆژنامەی جمهورییەتیش ئاماژەی بەوەکردوە، تاوەکو کاتی تانەدانی لەبڕیاری دادگا، باشاک دەمیرتاش بەئازادکراوی دەمێنێتەوە.
تیمی پارێزەرانی هاوسەری دەمیرتاش دەڵێن، "هەڵەیەک لەتۆمارەکاندا ڕویداوە کە دەکرێت لەڕێگای بەدواداچوون بۆ تۆماری سەردانیکردنی ناوەندی چاودێریی تەندروستیی شارەکە ڕاستبکرێتەوە".