تشرینی دووه‌م 20, 2021 23:03 Asia/Tehran
  • سەڵاحەدین دەمیرتاش داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا دەکات

سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی هەژار نییە، بەڵام خراپ بەڕێوەدەبرێت و بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابوری تورکیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وڵاتە دەکات.

 

 سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە لە تویتێکدا رایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی هەژارنیە بەڵام خراپ بەڕێوەدەبرێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو رەوشەش باشترین رێگەچارە هەڵبژاردنی پێشوەختە، تاکو بەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان وڵات فرۆشان سزابدرێن.

دەشڵێت: "بەداخەوە ئێستا رەوشی ئابوری خەڵکی تورکیا زۆر خراپە، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ رزگاربون لەو دۆخە بە دەرچەیەکی باش دەزانین".

لەبارەی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردووە، دەسەڵاتی ئێستا تورکیا بە مەبەست بەهای لیرە کەم دەکاتەوە، تاکو کۆمپانیا بیانییەکان بتوانن، دەوڵەمەندەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی تورکیا و رەنج و ماندوبونی جوتیار و کرێکارانی وڵاتەکە بە هەرزانی بکڕن.

ئەو وتانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەکاتێکدایە، رۆژ بەرۆژ دۆخی ئابوری تورکیا خراپتر دەبێت و لیرەی تورکیش بەرامبەر دۆلار نزمیترین ئاستی تۆمارکردووە، بەجۆرێک بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی (10) دۆلاری تێپەڕاندووە..

سەرپەیڤ