«سەلاحەدین دەمیرتاش»: خەڵک چیدی بەرگەی قەیرانە دراییەکان ناگرێت، پێویستە ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت
«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، ڕایگەیاندووە: خەڵکی ئەم وڵاتە لەمە زیاتر بەرگەی قەیرانە دراییەکان ناگرن، پێویستە ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت.
«سەلاحەدین دەمیرتاش» هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان «هەدەپە» لە زیندانەوە لە وتارێکدا کە بۆ T24 نووسیویەتی، جعختی لەوە کردوەتەوە کە، قەیرانە ئابورییە دروستکراوەکان لەسەر خەڵک کاریگەریی نەرێنی هەبووە، قەیرانەکان توانای هەناسەدانیان نەهێشتووەتەوە، ملیۆنان کەس لە تورکیا نازانن سبەینێ چییان بەسەردێت، تەنها ئامانجیانە لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئەمڕۆ ڕزگاریان ببێت.
ناوبراو وتووشیەتی: تەنها ڕێگا بۆ دەرچوون لەم قەیرانە هەڵبژاردنە، زۆرینەی خەڵکیش چاوەڕێی ئەوەن لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە توڕەییەکانیان بەتاڵبکەنەوە، لەگەڵ ڕاکردنی زیاتری حکومەت و بە دیاری کراوی «پارتی دادوگەشە» لە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان دەنگی زیاتر لەدەست دەدات .
باسی لەوەشکردووە، کە کێشەی ئێستای تورکیا تەنها کێشەی پارتی داد و گەشە نییە بەڵکو کێشە ڕاستەقینەکە ئەوەیە تورکیا بەرگەی ئەم قەیرانانە ناگرێت تاوەکو ساڵ و نیوێکی دیکە.
دەمیرتاش لە زیندانەوە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەگەر بەخێرایی هەڵبژاردن بەڕێوە نەچێت وێرانکارییەکی قورس ڕوودەدات، بەم هۆیەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن.