داوای ھەدەپە لە حکومەتی تورکیا بۆ رێگادان بە ئۆجەلان تا بۆچوونی خۆی دەبڕێت
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، رەتیدەکەنەوە کێشە لەنێوان دەمیرتاش و ئۆجەلاندا هەبێت وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، بۆیە داوا دەکەن دەرگەی ئیمرالی بەڕوی عەبدوڵا ئۆجەلاندا بکرێتەوە تاوەکو بتوانێت بۆچوونی خۆی لەسەر پرسەکان بۆ رای گشتی بخاتەڕو.
ئەمڕۆ یەکشەممە ، میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەوتارێکدا بۆ ئەنجامی سەرکردایەتی پارتەکەی باسی لەوەشکرد، سەبارەت بە بانگەشەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە باسی لە کێشەی نێوان سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردوە، "ئێمە باوەڕمانوایە پێویست نیە کەس بەناوی ئۆجەلانەوە قسە بکات، بەڵکو دەبێت رێگە بەناوبراو بدرێت تاوەکو بتوانێت بۆچونی خۆی لەسەر پرسەکان بۆ رایگشتی بخاتەڕو."
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی لایەنەکان بۆ داخستنی هەدەپە تۆڵەسەندنەوەی سیاسییە و دەسەڵات لەرێگەی ئەو دادوەرانەی خۆی دایمەزراندون پرۆسەی داخستنی پارتەکەی بەڕێوەدەبەن، بۆیە هەدەپە بەردەوام دەبێت لەخەبات و باوەڕیان وایە داواکان هیچ پشتیوانییەکی یاساییان نیە.
ئەوەش لەکاتێکدایە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا شەوی 26ی کانوونی دووەمی 2022 لە کاتی بەشداریکردنی لە دیمانەیەکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، نیگەرانە لەو پەیامانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانەوە دەیاندات.