گرووپی نێونەتەوەیی قەیران: تورکیا تەرکیزی کردۆتە سەر هێرشی ئاسمانی بۆسەر پەکەکە
گرووپی نێونەتەوەیی قەیران لە نوێترین شیکاریی خۆیدا لەبارەی شەڕی پەکەکە و تورکیا دەنووسێت: بێ گومان ئەنقەرە تەرکیز دەکاتە سەر پەلامارە ئاسمانییەکانی خۆی لە دژی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیاو عێراق و سووریا.
گرووپی نێونەتەوەیی قەیران لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا تاوتوێی شەڕی پەکەکە و تورکیای کردووە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا. ئەم ڕێکخراوەیە کە قەیرانەکان شی دەکاتەوە بڕوای وایە بێ گومان تورکیا بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە لە ناوخۆی وڵاتەکەی و عێراق و سووریاش تەرکیز دەکاتە سەر هێرشی ئاسمانی بەتایبەت کەڵک وەرگرتن لە خۆفڕ.
ئەم پەیمانگایەی بڕواشی وایە کەمپینی سەربازیی تورکیا لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بەکەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی درۆن بووەتە هۆی بەرتەسک بوونی ئامادەیی پەکەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری عێراق بەڵام ئەم پرسەش بووەتە هۆی گرژی کەوتنە ناو گرووپە کوردەکان بەتایبەت پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و وێڕای کوشتنی ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی و ئاوارە بوونی ژمارەیێکی دیکە.
پرسێکی دیکە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023ی تورکیایە کە بەڕای گرووپی نێونەتەوەیی قەیران، کاریگەریی دەبێت لەسەر کۆکردنەوەی هێز لەدژی پەکەکە چوونکە هێرشی زیاتری تورکیا لەدژی پەکەکە پشتگیریی نەتەوەپەرەستەکان لە ڕێبەرانی تورکیا زیاتر دەکاتەوە. ئەم گرووپە هوشداری دەدات کە ئەگەری زیاتر بوونی گرژییەکان لەنێوان تورکیا و ئەم گرووپە چەنسی زیاتر هەیە لە ئەگەری کەم بوونەوەی گرژییەکان.