May 07, 2022 06:35 Asia/Tehran
  • نزیکبوونەوەی تورکیا لە کڕینی فڕۆکەی F-16ی ئەمریکی

نزیکبوونەوەی تورکیا لە کڕینی فڕۆکەی F-16ی ئەمریکی

 بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی  Defense Newی ئەمەریکی، ژمارەیەکی زۆر لە کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا ئەوانەی پێشتر دژ بە فڕۆشتنی چەک بوون بە تورکیا، ئێستا لە هەڵوێستی پێشوویان پاشەکشەیان کردووە و رەزامەندییان دەربڕیوە فڕۆکەی جۆری  F-16ی ئەمریکی بە تورکیا بفرۆشرێت.

ئەو پێگە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە کە رۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و ئەو دیبلۆماسییەتەی ئەنقەرە لە پرسەکەدا گرتوویەتییەبەر، جێگای رەزامەندی کۆنگرێسی ئەمریکایە.

لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا هاتووە: بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان باسیان لەوەکردووە کە ئیدارەی جۆبایدن پێیوایە فرۆشتنی فڕۆکەی F-16  بە تورکیا لەبەرژەوەندی ئاسایشی ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە و رۆڵی ئەرێنیشی دەبێت لە بەردەوامی پشتیوانی تورکیا لە ئۆکرانیا.

پێگەکە لێدوانێکی گریگۆری میسکی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای گواستۆتەوە کە وتویەتی: ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆ و کارکردنە لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی تر بۆئەوەی لەدژی رووسیا هاوکاریمان لەگەڵدا بکەن.

سەرپەیڤ