حوزه‌یران 04, 2022 22:18 Asia/Tehran
  • ئاڵۆز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیاو یۆنان

پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی تورکیاو یۆنان دوابەدوای بانگ کرانی باڵوێزی یۆنان لە ئانکارا ئاڵۆزتر بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی«ڕووسیا ئەلیەوم» بە گێڕانەوە لە بنکەی ھەواڵدەریی «ئانادۆلۆ»،وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا باڵوێزی یۆنان لە ئانکارای بانگ کردو ئەوپەڕی ناڕەزامەندیی تورکیا بەرامبەر بە یۆنانی لە بەر داکۆکیی ئاسێنا لە تاقمگەلێکی وەک پەکەکە پێ ڕاگەیاند.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە ئانادۆلۆیان ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمی ناڕەزامەندیی خۆی بە باڵوێزی یۆنان لە بەر دانی مۆڵەتی خۆپیشاندان بە کەسانی سەر بە پەکەکە لە نزیکی باڵوێزخانەی تورکیا لە یۆنان، دابین کردنی پێداویستیی تاقمگەلێک کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێ ، لەوانە پارتی کرێکارانی کوردستان، بزوتنەوەی «فەتحوڵڵا گوێلەن» و لایەنە چەپە توندئاژۆکان ڕاگەیاند.

ھەروەھا ئانادۆلۆ باسی ئەوەی کردووە کە دوابەدوای بانگ کرانی باڵوێزی یۆنان، ئەردوعان دانوستانی خۆی لەگەڵ یۆنان ھەڵپەساردووەو بە باڵوێزی یۆنانیش ڕاگەیەندراوە کە وڵاتەکەی بووەتە شوێنێکی ھێمن بۆ داکۆکی و وەرگرتنی ئەندام ، پرۆڤەو ڕاھێنان و چالاکیی ڕاگەیاندنی بۆ تاقمە تیرۆریستەکان لەوانە پەکەکە.

ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئوردوگای «لافریون» لە یۆنان لە ڕووی پێداویستی و پرۆڤەو ڕاھێنانەوە لەگەڵ ئوردوگاکانی پەکەکە لە عێراق و سووریا ھاوتەریبە.